تازەترین لێدوانی پوتن لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا

09:14 - 26/05/2023

6553جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملین) رایگەیاند، سەرۆک ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا بڕازیلییەکەی جەختی لەوەکردەوە کە مۆسکۆ کراوەیە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە ئۆکرانیا.

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملین) ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ لولا داسیلڤا هاوتا بڕازیلییەکەی جەختی لەوەکردەوە کە مۆسکۆ کراوەیە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە ئۆکرانیا.

سەرۆکی بڕازیل  ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ قسەکردن لەگەڵ هەردو لایەنی ململانێکان لە ئۆکرانیا دوپاتکردبوەوە
پێشتر لولا داسیلڤا، سەرۆکی برازیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ قسەکردن لەگەڵ هەردو لایەنی ململانێکان لە ئۆکرانیا دوپاتکردبوەوە.
لاڤرۆڤ دڵنیایی نێردەی چین لە پابەندبونی وڵاتەکەی بە چارەسەرکردنی سیاسی و دیپلۆماسی
لایخۆیەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دڵنیایی داوەتە لی هوی، نێردەی چین لە پابەندبونی وڵاتەکەی بە چارەسەرکردنی سیاسی و دیپلۆماسی کێشەی ئۆکرانیا.

لە میانی وتوێژەکانیدا لەگەڵ نێردەی چین لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، لاڤرۆڤ سوپاس و پێزانینی مۆسکۆی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی پەکین لەبارەی قەیرانی ئۆکرانیا دەربڕی. 
 ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا ئاستەنگ لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دادەنێن
لاڤرۆڤ جەختیشی لەوەکردەوە، ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا ئاستەنگ لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دادەنێن، ئاماژەی بەوەکرد، "کۆسپی جددی" لەبەردەم چارەسەری ئاشتیانە لە ئۆکرانیا دەبینێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "لاڤرۆڤ لەمیانی کۆبونەوەکەدا پابەندبونی مۆسکۆی لە بەرژەوەندی چارەسەری سیاسی-دیپلۆماسی بۆ ململانێکان دوپاتکردەوە، بەڵام بەربەستی جددی لە ئۆکرانیا و لایەنگرانی ڕۆژئاواییەوە سەرچاوە دەگرن".