خەندان-
وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازی و تەکنیکییەکانی سۆماڵ دوپاتکردەوە، بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئەمڕۆ هەینی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا سۆماڵییەکەی، ئەبشیر عومەر هۆرۆسی رایگەیاند، "ئێمە ئاماژەمان بە ئامادەیی خۆمان کردوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سوپای نیشتمانی سۆماڵ بە کەرەستەی پێویست، بە مەبەستی تەواوکردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستان".
روسیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن بۆ ئامادەکردنی کادیرانی پۆلیسی سۆماڵ
ئاماژەی بەوەشکردوە، روسیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن بۆ ئامادەکردنی کادیرانی پۆلیسی سۆماڵ بۆ رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکان.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بە پێزانینی روسیا کرد بۆ ئەو هەڵوێستە هاوسەنگەی کە سۆماڵ دەیگرێتەبەر
لاڤرۆڤ ئاماژەی بە پێزانینی روسیا کرد بۆ ئەو هەڵوێستە هاوسەنگەی کە سۆماڵ دەیگرێتەبەر سەبارەت بە روداوەکانی ئۆکرانیا، کە بێباکانە بەرامبەر بە ئەوروپا و فراوانکردنی هەژمونی ناتۆ مامەڵە دەکات.
زۆر گرنگە دەست بکرێت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سودان
ئەوەشی خستەڕو، "زۆر گرنگە دەست بکرێت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سودان، چونکە لە ئێستاوە رێگری لە هەوڵەکانی حکومەتی سۆماڵ دەکەن بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە".
مۆسکۆ داوای پشتیوانی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا دەکات
مۆسکۆ داوای پشتیوانی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا دەکات، کە زۆرێک لە وڵاتان بە ئاشکرا دەستێوەردانی سەربازی ڕوسیایان لە ئۆکرانیا سەرکۆنە نەکردوە.
روسیا لە ساڵانی رابردودا دەستپێشخەرییەکانی لە کیشوەری ئەفریقا چڕتر کردوەتەوە
روسیا لە ساڵانی رابردودا دەستپێشخەرییەکانی لە کیشوەری ئەفریقا چڕتر کردوەتەوە و خۆی وەک "بەدیلێک" بۆ زلهێزەکانی پێشوی کۆلۆنیالیزم نیشانداوە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا سەردانی چەند وڵاتێکی ئەفریقای کرد لەوانە مالی، ئەریتریا و سودان، هاوکات هاوتا ئۆکراینییەکەی لە ئێستادا لە دوەم گەشتی ئەفریقادایە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا.