خەندان-
بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی شەوی رابردو پارێزگای کەرکوکی گرتەوە، 150 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە کراون و تەندروستیش ئامادەیی بۆ چارەسەری سەرجەم نەخۆشخانەکان دەردەبڕێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی تەندروستی کەرکوک، بەهۆی خۆڵبارینی چڕەوە کە پارێزگاکەی گرتەوە، شەوی رابردو 155 کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردوە، تیمە تەندروستیەکانیش بەردەوام لەئەرکدان بۆ چارەسەری پێویستی سەرجەم ئەو کەسانە کە توشی تەنگەنەفەسی بون و بەشێکیشیان پێشتر نەخۆشی رەبۆیان هەبوە.
پێویستە هاوڵاتیان ڕێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر
هاوکات، د.زیاد خەڵەف مەدید، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاندوزە، لەگەڵ دەستپێکردنی زریانی تۆز و شەپۆلی خۆڵبارین، پێویستە هاوڵاتیان ڕێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر.
هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ وەرگرتنی حاڵەتە فریاگوزارییەکان کە بەهۆی پەرەسەندنی زریانی خۆڵبارینەوە دۆخی تەندروستیان تێکچوە
وتیشی، "بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکانی ڕاسپاردوە، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ وەرگرتنی حاڵەتە فریاگوزارییەکان کە بەهۆی پەرەسەندنی زریانی خۆڵبارینەوە دۆخی تەندروستیان تێکچوە".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک داواشی لە هاوڵاتیان کردوە، کە بەهۆی خۆڵبارینەوە توشی تەنگەنەفەسی یان هەر حاڵەتێکی دیکە بون یاخود ئەوانەی بەدەست نەخۆشی درێژخایەنی کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەناڵێنن و ناتوانن بگەنە نەخۆشخانەکان، پەیوەندی بە ژمارە 122ەوە بکەن و تیمەکانی فریاکەوتن سەردانی ماڵەکانیان دەکەن.