ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق ئاشکرادەکرێت

08:53 - 26/05/2023

2899جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانی عێراق گەیشتونەتە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل جگە لە هەرێمی کوردستان، بەزوترینکاتیش بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە توکتوک و سەتوتە جێبەجێدەکرێن.

عەمید زیاد قەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی هاتوچۆی گشتی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە بەغدا دەگاتە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل، بەگشتیش حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەری عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە جوڵەی ماتۆڕسکیل و توکتوک بەمزوانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە جوڵەی ماتۆڕسکیل و توکتوک بەمزوانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشێکیش لەو بڕیارانە لەسەر بنەمای پێشنیارێکی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ بون بەتایبەتی ماتۆڕسکیل.

 هەندێک کەسی لاواز وەک کەرەستەی یەدەگ ماتۆڕسکیلیان هاوردەکردوە، پاشانیش لەناوخۆی عێراق پارچەکانی یەکخراون

عەمید زیاد قەیسی ئەوەشیخستەڕو، هەندێک کەسی لاواز وەک کەرەستەی یەدەگ ماتۆڕسکیلیان هاوردەکردوە، پاشانیش لەناوخۆی عێراق پارچەکانی یەکخراون و فرۆشراونەتە هاوڵاتیان.
رونیشیکردەوە، "سەتوتە و پاسکیلەکان بە توانای (40 سی سی) قەدەغە دەکرێن کاربکەن لەسەر ڕێگای خێرای محەمەد قاسم و ڕێگای خێرای قەنات، ڕێگای خێرای دۆرە، ڕێگای خێرای شوعلە، دورگەی بەغدا بەرەو تاجی، کە هێڵی خێران، هەروەها جوڵەیان لەسەر ڕێگا نێودەوڵەتییەکان کە پارێزگاکان بەیەکەوە دەبەستنەوە قەدەغە دەکرێن.

سێشەممەی رابردو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا ژمارەیەک بڕیاری لە بواری ڕێکخستنی هاتوچۆی پایتەخت و شارە گەورەکان و کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی و ڕوداوەکانی هاتوچۆ دەرکرد، بەگوێرەی یەکێک لەبڕیارەکانیش هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل (توک توک و سەتوتە) قەدەغە دەکرێت.