خەندان-
هەردو ماددەی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی رابردو لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.
بەگوێرەی ماددەی 13ی پرۆژەیاسای بودجە، دەبێت پاکتاوی حسابات لەنێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 لەنێوان هەرێم و بەغدا بکرێت، هەروەها حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆوە، داهاتەکەش راستەوخۆ بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێتەوە، لەگەڵئەوەشدا هەرێم پابەندی ناردنی داهاتی نانەوتیەکان بێت بۆ حکومەتی فیدڕاڵی، لەبەرامبەریشدا شایستە داراییەکانی بۆ رەوانە دەکرێت.
داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندیی دادەنرێت بە بی هیچ لێبڕینێک
بەگوێرەی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە، داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندیی دادەنرێت بە بی هیچ لێبڕینێک، وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردولا پێداچونەوە بۆ ماوەکانی پێشو لە کەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، پاشان بە سیغەیەکی هاوبەش و پەسەندکراو لە لایەن هەردولاوە پاکتاوی ماوەکانی پێشو ئەنجامدەدرێت.
دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت زانیارییەکان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ
لە هەبونی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم لەسەر ماف و پابەندییەکان، یان پابەند نەبون ماوەی 15 رۆژ بۆ چارەسەری کێشەکە دیاریدەکرێت و پاشان شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کاردەکرێت، هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت کە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حکومەتی ناوەند زانیارییەکان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان
لەبڕگەیەکی دیکەی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە هاتوە، حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، هەروەها پابەند دەبێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پارێزگاکانی هەرێم بەپێی پێوەرە دیاریکراوەکانی ئەم یاسایە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاکاری نێوان پارێزگاکان، ئەگەر ئەمە نەکراو لە نێوان پارێزگاکاندا جیاکاری کرا، ئەوا حکومەتی ناوەند بەپێی یاسا پشکی پارێزگای ناڕازی لە بودجەی هەرێم دەبڕێت و راستەوخۆ دەیداتە پارێزگاکە.
سەبارەت بەموچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆرانی هەرێمیش، لەبڕگەیەکی دیکەی ماددەی 14 هاتوە، حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە رێژەی (10٪) پاشەکەوتی موچە بگێڕێتەوە بۆ فەرمانبەران تا ئەو کاتەی سەرجەم موچەی پاشەکەوت دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران.

