خەندان-
لەكۆبونەوەی ئەمشەوی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕگەیەك لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیركرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكات بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران بەڕێژەی 10%ی مانگانە.
بەگوێرەی زانیاریەكانی خەندان، ئەمشەو كۆبونەوەی لیژنەی دارایی بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی ئەو بڕگانەی كە یەكلانەكراونەتەوە ئەنجامدرا، لەكۆبونەوەكەدا ماددەكانی 13 و 14ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەسەندكران.
حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران
بەگوێرەی یەكێك لەبڕگە پەسەندكراوەكانی ئەمشەو، حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران بەڕێژەی 10%ی مانگانە بۆ بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 سەرەڕای موچەكەی خۆی تا هەمو موچەپاشەكەوتكراوەكان دەدرێتەوە فەرمانبەران.
نوێنەری فراكسیۆنی پارتی كۆبونەوەكەی جێهێشتوە
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بە خەندان دراون، دەستكاری چەند بڕگەیەكی ئەو ماددانەی پەیوەست بون بەپشكی هەرێم كراوە و ئەوەش ناڕەزایەتی فراكسیۆنی پارتی لێكەوتەوە، بەوهۆیەوە نوێنەری فراكسیۆنی ئەو حزبە كۆبونەوەكەی جێهێشتوە.
ئەمڕۆ یەکێتی بەڵێنەکەی بردەسەر
نەرمین مەعروف غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ یەکێتی ئەو بەڵێنەی بردەسەر و بابەتی (موچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی هەرێم، مافی پارێزگاکانی هەرێمی لە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان، گەشەپێدانی هەرێمەکان، گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرێژەی 10٪ی مانگانە) لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024، 2025 جێگیرکردوە".
هەر ئێستا لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر پێشنیازەکەی نەوەی نوێ
لەلای خۆیەوە سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "هەر ئێستا لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر پێشنیازەکەی نەوەی نوێ بە گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".
لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر هەمواری بڕگەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان
هاوكات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، "لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر هەمواری بڕگەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و پابەندكردنی بەرادەستكردنی نەوت بەكۆمپانیای سۆمۆ ئەگەر توانای هەناردەكردنی هەبێت یان نا".
هەژماری بانكی هەناردەی نەوتی هەرێم تەنها لەدەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراق دەبێت
راشیگەیاندوە، هەژماری بانكی هەناردەی نەوتی هەرێم تەنها لەدەسەڵاتی وەزیری دارایی عێراق دەبێت، هەربۆیە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەوەكەی جێهێشتوە".
پێشتریش، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاندبو، ناكۆكی هەیە و ئەندامانی دیكەی لیژنەی دارایی بەتایبەت شیعەكان ئامادە نین دەنگ لەسەر بڕگەكانی ئەو رێكەوتنە بدەن كە لەنێوان هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق واژۆكراوە، ئێمەش ئامادە نیین ئەو رێكەوتنەی هەرێم لەگەڵ بەغدا كردویەتی بیگۆڕین".
سەبارەت بەوردەكاری ناكۆكیەكان، جەمال كۆچەر ئاشكرایكرد، "ئەوان دەڵێن نابێت هەرێم كەمتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، هەروەها دەبێت تەنها لەڕێگەی سۆمۆوە ئەو نەوتە بفرۆشرێت، هەروەها داهاتەكەشی لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە وەربگیرێت و نابێت سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی وەرگرتنی پارەكەی هەبێت، جگە لەوانەش دەڵێن، ئەگەر هەرێم بەهەر هۆكارێك نەیتوانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە نەكرد، بەپێی بڕە نەوتی هەناردەكراو پارەی بۆ بنێردرێت، بەجۆرێكی دیكە ئەگەر لەڕێگەی توركیاوە هەناردەكردنی نەوتیش راگیرا نابێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت".