خەندان-
ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان ئەمڕۆ کۆبوەوە و رایگەیاند، هەر هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەی بودجەدا ڕەتدەکاتەوە، کە دژی بڕگەکانی ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بێت، هاوکات ئەنجومەنەکە بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی موچەی پەسەندکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و بڕگەی یەکەمی کۆبونەوە تایبەت بو بە خستنەڕوی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 2ی 5ی 2023 هەندێک لە مادەکانی هەموار کرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.
چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی هەرێم دەدەن
لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی ماددەکانی 13 و 14یاندا، و پێشنیارەکانیان دژی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانە کە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردو حکومەتی هەرێم وفیدڕاڵ پەسەندکراون و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی 4ی 4ی 2023 و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیرکراون.
دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستورییەکان بگیرێت
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕو، کە دەرئەنجام ڕێککەوتننامەی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵی لێکەوتەوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی هەردولا و لەسەر بنەمای دەستور و دابینکردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و هیچ هەموارکردن و گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەکە نەکرێت لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردولا.
حکومەتی فیدڕاڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێم دابین بکات
سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکردوە، "هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوە، بۆیە لەبەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵیش دەبێت ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات".
ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە شاندی دانوستانکار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی پێشێلکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم کە دەستور جێگیری کردون و لە ناو ڕێککەوتنی نێوان هەردو حکومەت و پڕۆژە یاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە.
هەرێم نوسراوێک لەبارەی پارەی یەک لەسەر 12ی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە بەغدا دەکات
سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد بە ناردنی نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ کارکردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشو کە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە، هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە خەرجیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ خەرج دەکرێت لە 1ی 1ی 2023وە نابێت جیاکاریی بکرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق لەم ڕوەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەک بکەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، لە بڕگەی دوەمدا گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران.
جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە
ئەوەش هاتوە، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران دوپاتیانکردەوە لە گرنگی ئەم بڕیارە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات وخەرجیەکان و بە ناوەندییکردنی موچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتوان بۆ خەرجیەکان (جگە لە موچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.
ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.