یەکگرتوی ئیسلامی: ئەوەی ئەمڕۆ رویدا راستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی ئێمەی دەرخست

07:06 - 22/05/2023

4844جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان نیگەرانی خۆی لەبارودۆخی سیاسی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، "ئەوەی ئەمڕۆ رویدا لە پەرلەمانی ماوەبەسەرچو، ئەمەش راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەکگرتوی دەرخست کە دژی درێژکردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بو".

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی، ئەمڕۆ دوشەممە ئەنجومەنی جێبەجێکردن بەسەرپەرشتی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتو کۆبونەوەی ئاسایی خۆیی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، سەرەتای کۆبونەوەکە ئەمینداری گشتی تیشکی خستە سەربارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی راڤەکرد.

کۆبونەوەکە نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لە بارودۆخی سیاسی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەکان

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کۆبونەوەکە نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لە بارودۆخی سیاسی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەکان، بەتایبەتی ئەوەی ئەمڕۆ رویدا لە پەرلەمانی ماوەبەسەرچو، ئەمەش راستی و دروستی هەڵوێستی دڵسۆزانەی یەکگرتوی دەرخست کە دژی درێژکردنەوەی بێ پاساوی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بو، هەر لەو پێناوەشدابو فراکسیۆنی یەکگرتو لە کاتی خۆیدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکرد، لەو روەوە ئەنجومەنی جێبەجێکردن جەختیکردەوە لەسەرئەوەی کە بڕیار و لێکەوتەکانی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی ماوە بەسەرچو نەبێتە مایەی زیاتر ئاڵۆزترکردنی بارودۆخی هەرێم و دواخستنی هەڵبژاردنەکان.

تاوتوێی ئامادەکارییەکان کرا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان

ئەوەشیخستۆتەڕو، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان کرا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و دوا گفتوگۆ کرا لەسەر رەشنوسی پرۆژەی ئامادەکراو لەلایەن یەکگرتوەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان کە مەبەست لێی کۆکردنەوەی سەرجەم دەنگە نارازییەکانی شەقامی کوردستانە.

بڕیاردرا کە لە ماوەی داهاتودا سەردانی حزب و رێکخراو و کەسایەتیەکان بکرێت

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوی ئیسلامی ئەوەشیخستۆتەڕو، لەکۆبونەکەدا بڕیاردرا کە لە ماوەی داهاتودا سەردانی حزب و رێکخراو و کەسایەتیەکان بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەکە و لە پێناو گەیشتن بە کۆدەنگیەک بۆ بەشداربونێکی کارا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان".

نیشانەکردن

یەکگرتووی ئیسلامی