رێژەی خەمۆکی لەناو هاوڵاتیانی ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدایە

02:40 - 22/05/2023

847جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکی کە لە ئەمساڵدا ئەنجامدراوە رێژەی خەمۆکی لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکادا گەیشتوەتە 29%، کە رێژەیەکی بەرزە.

لە توێژینەوەکەی دامەزراوەی گالۆپی ئەمریکیدا هاتوە، "لەکۆی شەش هاوڵاتی ئەمریکی یەکێکیان توشی نەخۆشی خەمۆکی بون، کە ئەوەش رێژەیەکی بەرزە، ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی داتا کلینیکییەکان خەمۆکی بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەرزبونەوەدایە و زیادیکردوە.

ئیڤانی لیلی، پزیشکی نەخۆشییە خەمۆکییەکان ئاماژەی بەوەکرد، ئەم باسە بەنسبەت ئەوەوە شتێکی لەناکاو نییە، بەڵکو هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بو بەهۆی ترسێکی گەورە لای بەشێکی زۆری ئەمریکییەکان و بۆماوەیەکی درێژ لە تێکەڵی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەیەکی دابڕین، هەروەها بەشێکیان کەسە نزیک و خۆشەویستەکانیان و کارەکانیان لەدەستدا ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر توشبون بە نەخۆشی خەمۆکی هەبوە.

 بەراورد بە چینەکانی دیکە نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو چینی گەنجاندا تەشەنەی کردوە
باسی لەوەشکردوە، بەراورد بە چینەکانی دیکە نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو چینی گەنجاندا تەشەنەی کردوە، کە تەمەنیان لەخوار 30 ساڵییەوەیە، ئەوەش لەکاتێکدایە رێژەی توشبون بە نەخۆشییەکە لەناو ژناندا زیاترە وەک لە پیاوان.
یەکێک لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە بایۆلۆجییە و توشبونی ژنانی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی هۆڕمۆن و خانەکانی لەش
فۆنیتا دۆتسون، دەرونناسێکی ئەمریکییە باسی لەوەکردوە، یەکێک لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە بایۆلۆجییە و توشبونی ژنانیش بەرێژەیەکی بەرزتر دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی هۆڕمۆن و خانەکانی لەش، هەروەها ژنان لایەنی سۆزدارییان لە پیاوان بەهێزترە.

بەگوێرەی دوایین داتاکان، ئەمریکا پێویستی بە زیاتر لە هەشت هەزار راوێژاکاری دەرونی هەیە هەتا لەوبوارەدا کار بکەن، لەماوەی رابردوشدا کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و تایبەت هەندێک روێوشوێنیان بەمەبەستی باشترکردنی رەوشی دەرونی کارمەندەکانیان گرتوەتەبەر چونکە خراپی ژینگەی کارکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی توشبون بە خەمۆکی.

نیشانەکردن

ئەمریکا