خەندان-
باڵیۆزی روسیا لە ئەمریکا رایگەیاند، ناردنی فڕۆکەی جەنگی F16 بۆ ئۆکرانیا پرسیار لەبارەی تێوەگلانی ناتۆ لە ململانێکاندا دروست دەکات، ئەوەش پرسیاری لە توانای کیێڤ دروستکردوە لەوەی توانای کارپێکردنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هەبێت.
ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ، باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەمریکا لە لێدوانێکدا لەپەیامێکدا لە پێگەی فەرمی باڵیۆزخانەکەیەوە، رایگەیاند، "هیچ ژێرخانێک نییە بۆ کارپێکردنی فڕۆکە جەنگییەکان F-16 لە ئۆکرانیا، هەروەها ژمارەی پێویستی فڕۆکەوان و کارمەندانی چاککردنەوەش بونی نییە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەگەر فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکە ئاسمانییەکانی ناتۆ کە لەلایەن خۆبەخشە بیانییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون، هەڵبفڕن، چی ڕودەدات؟".
بایدن بەرنامەی ڕاهێنانی فڕۆکەوانی ئۆکرانی لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی F16 پەسەندکرد
ڕۆژی هەینی، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەرنامەی ڕاهێنانی فڕۆکەوانی ئۆکرانی لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی F16 پەسەندکرد و ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دڵنیاییدا بە بایدن کە فڕۆکەکان بۆ چونە ناو ئاسمانی ڕوسیا بەکارناهێنرێن.
هەر هێرشێکی ئۆکرانیا بۆ سەر نیمچە دورگەی کرێمیا بە هێرش بۆ سەر ڕوسیا هەژمار دەکرێت
ئەنتۆنۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هێرشێکی ئۆکرانیا بۆ سەر نیمچە دورگەی کرێمیا بە هێرش بۆ سەر ڕوسیا هەژمار دەکرێت، گرنگە ئەمریکا بە تەواوی ئاگاداری وەڵامدانەوەی ڕوسیا بێت بۆ هەر هێرشێکی لەم جۆرە.
ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیا چڕتر دەکاتەوە
ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیا چڕتر دەکاتەوە، بەتایبەتی لە نیمچە دورگەی کریمیا کە ڕوسیا لە ساڵی2014دا لە ئۆکرانیا لکاندبویەوە.
بایدن "دڵنیایی بێ دو دڵی" لە هاوتا ئۆکرانییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی وەرگرتوە
بایدن دوێنێ ڕایگەیاند، "دڵنیایی بێ دو دڵی" لە هاوتا ئۆکرانییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی وەرگرتوە کە فڕۆکەی شەڕکەری F-16 کە ڕۆژئاوا دابینی دەکات بۆ ئۆکرانیا، بەکارنەهێنێت بۆ چونە ناو ئاسمانی ڕوسیا، بەڵام بایدن بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، کە دەتوانرێت فڕۆکەی F-16 لە هەر شوێنێکی ئۆکرانیا کە هێزەکانی ڕوسیای تێدا بێت بەکاربهێنرێت.
دڵنیایە کیێڤ فڕۆکەی F-16 لە ڕۆژئاوا وەردەگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕوسیا
زێلێنسکی هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، دڵنیایە کیێڤ فڕۆکەی F-16 لە ڕۆژئاوا وەردەگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەرپەرچدانەوەی لەشکرکێشییە بەرفراوانەکەی ڕوسیا بۆ سەر وڵاتەکەی.
بایدن لە بنەڕەتدا ڕێگەی خۆشکردبو بۆ گەیاندنی فڕۆکەی F-16ی دروستکراوی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لەلایەن هاوپەیمانانەوە و ڕایگەیاندبو، دۆخەکە گۆڕاوە، بۆ نمونە ئەگەر ئۆکرانییەکان پێشکەوتن بکەن، ڕەنگە دۆخێک سەرهەڵبدات کە پێویستیان بە چەکێک هەبێت کە مەودای مەودای زیاتریان هەبێت لەوەی ئێستا هەیانە.