هێمن هەورامی لەبارەی دەنگدان بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن "بەبێ رەزامەندانی یەکێتی" دەدوێت

09:32 - 22/05/2023

12406جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئامادەن کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بخەنە سبەینێ بە هەمان بەرنامەی کاری ئەمڕۆوە بەمەرجێک د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان ئامادەبێت رایبگەیەنێت، دەشڵێت، "ئێستا لەبەردەم دو ئەگەرداین" و بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قەوارە دەستوریەکەی پارێزراو بێت دەبێت چەند هەنگاوێک بنرێت، "چونکە هیچ روننیە کە دادگای فیدڕاڵی چ جۆرە بڕیارێک لەسەر هەرێمی کوردستان دەدات لە رۆژانی ئایندەدا".

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی زیادکردنی بڕگەی دەنگدان بە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، رایگەیاند، "ئەم خولەی پەرلەمان بۆیە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی زەمینەسازی یاسایی و سیاسی بکرێت، لەبەرئەوەی ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان 18ی 11ی دەستنیشانکردوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و ئێستا کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆیە دوای گفتوگۆیەکی زۆری فراکسیۆنەکان و رێککەوتنیان لەسەر ئەوەی کە ئەم کۆمسیۆنە وەکو خۆی کارابکرێتەوە و هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەیەت ئێمە زۆر داوامانکرد کە لیژنەی یاسایی کۆبونەوەی خۆی بکات و پێشنیازی یاساکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بداتە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ ئەوەی لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بیخاتە بەرنامەی کار".

ئێستا بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان بێت و ئێمە ئامادەین با راگەیاندنی کۆبونەوە بۆ سبەینێ بکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی سیاسییەی لایەنەکان لە پەرلەمان کردویانە لەسەر چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتر و هەر لێکتێگەیشتنێکی دیکە بکرێتە راپۆرتی خوێندنەوەی دوەم و بەهاوبەشی دەنگی لەسەر بدرێت، "ئێستاش داوا دەکەم، ئێستا بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان بێت و ئێمە ئامادەین با راگەیاندنی کۆبونەوە بۆ سبەینێ بکرێت و بەهەمان بەرنامەی کار بۆ ئەوەی هەم کۆمسیۆن کارابکەینەوە هەم خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بکەین سبەینێ لە کۆبونەوەی پەرلەماندا هەروەها گۆڕانکاریەکانی ناو حکومەت لە وەزیری پێشمەرگە و گۆڕانکاریەکانی ناو پەرلەمان ئێمە ئامادەین بیکەن بەمەرجێک ئێستا سەرۆکی پەرلەمان رایبگەیەنێت کە کۆبونەوەکە سبەینێ دەکرێت".
یەکێتی شەریکێکی ئەساسییە لەم وڵاتەدا و ئێمە هەمو هەوڵێکمانداوە و ساڵ و نیوێکە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتیشی، "یەکێتی شەریکێکی ئەساسییە لەم وڵاتەدا و ئێمە هەمو هەوڵێکمانداوە و ساڵ و نیوێکە، ئێستا لەبەردەم دو ئەگەرداین، یەکەم، کۆمسیۆن کەمتر لە شەش مانگی ماوە و ئەم کۆمسیۆنە وەکو خۆی کارادەکرێتەوە و هەتاوەکو یاساکە هەموارنەکرێتەوە کۆمسیۆن کارەکانی ناکات و هەمومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە، لە یەک بازنەیی بکرێتە چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری عێراق بەکارهێنرێت و ئامارەکانی عێراق بۆ دابەشکردنی هەر 100 کورسیەکەی پەرلەمان هەبێت، ئەمان گرنگن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قەوارە دەستوریەکەی پارێزراو بێت چونکە هیچ رون نیە کە دادگای فیدڕاڵی چ جۆرە بڕیارێک لەسەر هەرێمی کوردستان دەدات لە رۆژانی ئایندەدا".

دوێنێ یەکشەممە بە واژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان (لە پشکی پارتی) و مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان (لە پشکی تورکمان) بڕگەیەک بۆ کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان زیادکرا کە بریتیە لە دەنگدان بە کاراکردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵی ڕۆژژمێری، که‌ ده‌ستپێده‌کات له‌ ڕۆژی ته‌واوبونی ماوه‌ی یه‌که‌می له‌ 23ی 12ی 2019 و ده‌نگدان له‌سه‌ر پاڵێوراوان بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران، بەڵام د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی یەکێتی واژۆی لەسەر زیادکردنی ئەو بڕگەیە نەکرد.

بەپەلە