توێژینەوەیەک مەترسی کەمبونەوەی ئاو ئاشکرادەکات؛ زیاتر لە نیوەی دەریاچە و روبارەکان وشک دەبن

08:27 - 21/05/2023

8300جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

توێژینەوەیەک دەریدەخات، زیاتر لە نیوەی دەریاچە و ئاوە گەورەکانی جیهان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە بەرەو وشکبون دەچن، بە شێوەیەکی سەرەکیش بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە، ئەمەش مەترسی بەردەستبونی ئاو بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا دروستدەکات.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی (زانست)دا بڵاوکراوەتەوە، تیمێکی توێژەرانی نێودەوڵەتی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هەندێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاوی شیرین لە جیهاندا کە لە دەریای خەزەرەوە لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا تا دەریاچەی تیتیکاکا لە ئەمریکای باشور درێژدەبنەوە، لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەدا بە ڕێژەیەکی کۆکراوەی نزیکەی 22 گێگا تەن لە ساڵێکدا ئاویان لەدەستداوە کە یەکسانە بە 17 هێندەی قەبارەی ئاوی دەریای مید کە گەورەترین کۆگای ئاوی سروشتیە لە ئەمریکا.

بەڕێژەی 56%ی دابەزینی ئاوی دەریاچە سروشتییەکان بەهۆی گەرمبونی جیهان و بەکارهێنانی مرۆڤەوەیە

فانگ فانگ یاو، پسپۆڕی زانستی ئاوی سەرزەوی لە زانکۆی ڤێرجینیا و سەرۆکی ئەو تیمەی توێژینەکەی ئەنجامداوە دەڵێت، "بەڕێژەی 56%ی دابەزینی ئاوی دەریاچە سروشتییەکان بەهۆی گەرمبونی جیهان و بەکارهێنانی مرۆڤەوەیە، بەڵام بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماش گەورەترین پشکی هەیە لەوەدا".

ناوچە وشکەکانی جیهان لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی کەشوهەوا وشکتر دەبن

زانایانی کەشوهەوا بە گشتی پێیانوایە، ناوچە وشکەکانی جیهان لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی کەشوهەوا وشکتر دەبن، هەروەها ئەوانەی پڕن لە ئاو ڕێژەی ئاویان تێدا زیاد دەکات، بەڵام توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لەدەستدانی ئاو لە ناوچە تەڕەکاندا زۆرە، لەوبارەیەشەوە فانگ فانگ یاو باسی لەوەکردوە، "نابێت چاوت لەم بابەتە دابخرێت و پشتگوێبخرێت". 

مۆدێلی کەشوهەوا و هایدرۆلۆجی ڕوبەری نزیکەی دو هەزار دەریاچەی گەورەیان خەمڵاندوە

زانایان بە بەکارهێنانی پێوانەکردنی مانگی دەستکرد و هەروەها مۆدێلی کەشوهەوا و هایدرۆلۆجی ڕوبەری نزیکەی دو هەزار دەریاچەی گەورەیان خەمڵاندوە، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئەوە بو کە بەکارهێنانی خراپ لەلایەن مرۆڤەوە، گۆڕانکاری لە بارانبارین، بەفیڕۆدانی ئاو، دابەزین و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما هەموی بونەتە هۆی دابەزینی ئاستی دەریاچەکان لەسەر ئاستی جیهان لە 53%ی دەریاچەکان لە ساڵی 1992 تا 2020.

بەکارهێنانی خراپی مرۆڤ خەریکە تاڤگەکانی وەک دەریای ئارال لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای مردو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وشک دەکات

توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە بەکارهێنانی خراپی مرۆڤ خەریکە تاڤگەکانی وەک دەریای ئارال لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای مردو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وشک دەکات، لە کاتێکدا دەریاچەی ئەفغانستان و میسر و مەنگۆلیا کاریگەری بەرزبونەوەی پلەی گەرمایان لەسەر بوە کە دەتوانێت بەهەڵمبونی، ئاو زیاد بکات.

ئاستی ئاو لە چارەکێکی دەریاچەکاندا بەرزبوەتەوە، زۆرجار لە ئەنجامی دروستکردنی بەنداو لە ناوچە دورەکان وەک فەلاتی ناوەوەی تبت.