بەبێ رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان، پارتی هەنگاوەکانی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکات

02:09 - 21/05/2023

5352جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن بەڵام تائێستا لەبارەی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن و سورن لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەکان خۆیان بڕیاربدەن، بۆیە لەدوای ئەم خولی دانوستان پێیانوایە بۆشایی یاسایی دروستدەبێت، دەڵێت، "بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین و هەنگاوەکانمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکەین".

زانا مەلا خالید ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، "درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان خواستی پارتی نەبوە، لە حاڵەتێکی ناچاریدا پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان لەبەردەم هەڵبژاردنی لەبەردەم دو بژاردەدا بون، یەکەمیان، دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە بۆشایی یاسایی و بژاردەی دوەمیش ئەوەبو کە ئێمە و هاوپەیمانەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان لایەنە پێکهێنەرەکان دەست ببەین بۆ بەردەوامیدان و رێژکردنەوەی ئەم خولی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە لەدوای دەرکردنی یاساکە بۆ بەردەوامیدان بە خولی پەرلەمان راستەوخۆ هەنگاوەکانمان دەستپێکرد بۆ ئەوەی سازانی نێوان لایەنەکان دروستببێت لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن".

لایەنەکان داوایانکرد، کۆمسیۆنەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو وەکو خۆی کارابکرێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی کۆبونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی هەوڵیانداوە کە رێبکەون لەسەر شێوازی یاسای هەڵبژاردن و بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن وەکو ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی دیکە خۆیان داوایانکرد، کە کۆمسیۆنەکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو وەکو خۆی کارابکرێتەوە و کار بە بنەمای بەرکەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 نەکرێت، لە پێناو ئەوەی کە هەڵبژاردن بکرێت رازی بون بەو بژاردەیە.
برادەرانی یەکێتی داوایان لێکردین کە هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە چوار بازنە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەشکرد، "رازیبوین بەوەی کە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە بە هەمو ئەو پێشنیارانەی کە برادەرانی لایەنەکانی دیکە بەتایبەت برادەرانی یەکێتی داوایان لێکردین کە هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە چوار بازنە، سیستمی لیستی کاندیدان بکرێت 50% بە 50% بۆ ئەوەی شێوازی دەستنیشانکردنی کاندید نیوەی بە لیستی کراوە و نیوەکەی دیکەی بە لیستی نیمچە کراوە بێت، ئامێری ئەلیکترۆنی کۆمسیۆنی عێراق بکرێتە بنەما و دابەشکردنی کورسی بەسەر پارێزگاکاندا لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقی بێت".
لەگەڵ لایەنەکاندا لەسەر 100 کورسی پەرلەمان رێککەوتوین، ئەوەی ماوە تەنها 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانە
ئەوەشی خستەڕو، "لەگەڵ لایەنەکاندا لەسەر 100 کورسی پەرلەمان رێککەوتوین، ئەوەی ماوە تەنها 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانە، کە رای جیاواز لە نێوان ئێمە و برادەرانی یەکێتی هەبوە، پێشتر رامانگەیاندوە کە نابێت نە ئێمە و نە برادەرانی یەکێتی ئەو حەقە بەخۆمان بدەین کە لەسەر کورسی پێکهاتەکان بڕیاربدەین، ئەوان وجودیان هەیە و بەشدارن لە حکومەتی هەرێم و دەبێت خۆیان بڕیاربدەن لەسەر شێوازی بەشداریان، ئێستاش سورین لەسەر ئەوەی خۆیان بڕیاربدەن ئەگەر جیاوازیش بێت لە رای پارتی ئێمە لاریمان نابێت".
دوای ئەم زنجیرە کۆبونەوەیە و نەگەیشتن بە ئەنجام لەگەڵ برادەرانی یەکێتی هەست دەکەین، بۆشایی دروستدەبێت 
زانا مەلا خالید دەڵێت، "دوای ئەم زنجیرە کۆبونەوەیە و نەگەیشتن بە ئەنجام لەگەڵ برادەرانی یەکێتی هەست دەکەین ئەم بۆشاییە لە هەرێمی کوردستان دروستدەبێت کە بۆشاییەکی یاساییە بۆیە بەرپرسیارێتی 45 ئەندامی پارتی زیاترە لە لایەنە سیاسیەکانی دیکە بۆ رێگەگرتن لە دروستبونی بۆشایی لە هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر هەنگاوێک کە پارتی لە پەرلەمان بیهاوێت بۆ ئەوەیە کە بۆشایی یاسایی دروستنەبێت کە بە بەرپرسیارێتی خۆمان و لایەنە هاوپەیمانەکانمانی دەزانین". 
داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە سبەی دەنگ لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بدرێت
وتیشی، "ئەمڕۆ لە دەقی یاداشتێکماندا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بە ماددەی 48 لە بڕگەی چوارەم، داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە کە بۆ دانیشتنی سبەی دوشەممە دو بڕگە لە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکە زیادبکرێت، یەکەم، کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دوەمیان بابەتی خوێندنەوەی یەکەم بێت بۆ هەمو ئەو پێشنیازە یاساییانەی کە لە رابردودا بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە".

نیشانەکردن

پارتی