خەندان-
ئەمڕۆ مەکتەبی سایسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە 16ی ئەم مانگە هەردو حزب لە سلێمانی کۆبونەوە، هەردو حزبیش لەبارەی چەند پرسێک گەیشتونەتە رێککەوتن و خاڵی ناکۆکییان کورسی پێکهاتەکانە لە هەڵبژاردندا.
بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان، ئەمڕۆ یەکشەممە مەکتەبی سایسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆدەبنەوەو گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، دیارنیە لە کۆبونەوەکەدا دەگەنە رێککەوتن یاخود نا.
شاندی هەردولا هەمان شاندی 16ی ئەم مانگەیە کە لە سلێمانی کۆبونەوە
شاندی یەکێتی پێکدێت لە شاڵاو عەلی عەسکەری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسی عیماد ئەحمەد، خەسرەو گوڵ محەمەد، میران محەمەد، رزگار حاجی حەمە، شاندی پارتیش پێکدێت لە مەحمود محەمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کە پێکدێن لە هێمن هەورامی، پشتیوان سادق، عەلی حسێن، جەعفەر ئیمنیکی و رێبوار یەڵدا.
هەردولا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت
کۆبونەوەکە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات، دوەمین کۆبونەوەیە دوای 16ی ئەم مانگە کە لە نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت، کە لە راگەیەندراوی هاوبەشدا باسیان لەوەکردبو، "هەردولا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە روی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و روبەڕوبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن".
پارتی و یەکێتی لەسەر چەندین خاڵی پەیوەست بە هەڵبژاردن گەیشتونەتە رێککەوتن
خەندان زانیویەتی، پارتی و یەکێتی لەسەر چەندین خاڵی پەیوەست بە هەڵبژاردن گەیشتونەتە رێککەوتن لەوانە بازنەکانی هەڵبژاردن لە یەک بازنەوە بکرێتە چوار بازنە، لیستی بایۆمەتری کۆمسیۆنی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەماندا بەکاردێت، هەروەها پشت بە ئاماری دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەسترێت و هەروەها هەڵبژاردن نیوەی بە لیستی کراوە و نیوەکەی دیکەی بە لیستی نیمچە کراوە دەبێت.
تائێستا خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کورسی پێکهاتەکانە
تائێستا خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کورسی پێکهاتەکانە، کە وایکردوە رێککەوتنی کۆتایی رانەگەیەنن و کارەکانی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی دەستپێنەکەن.