دوای ئەوەی زلێنسکی بەشداری کۆبونەوەکەی کرد، پوتن پەیامێک بۆ لوتکەی جددە دەنێرێت

09:06 - 20/05/2023

7827جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا گرنگیدانی ڕوسیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دوپاتکردەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر ڕوبەووی هەڕەشە و تەحەددییە مۆدێرنەکان ببنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە کۆبونەوەی دوێنێی کۆمکاری عەرەبی ڤلۆدیمیر زلێنسکی، بەشداریکرد و باسی لە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی کرد. 

میدیاکانی روسیا بڵاویکردەوە، مۆسکۆ بە شێوەیەکی نەریتی گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاریی هاوبەشی بنیاتنەر لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دەدات، لەوانەش لە چوارچێوەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی، بە مەبەستی وەڵامدانەوەی کاریگەرانە بۆ ئەو هەڕەشە و تەحەددایانەی کە ڕوبەڕوی مرۆڤایەتی دەبنەوە.

سورین لەسەر بەردەوام بون لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە توندەکانی ناوچەکە
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لە پەیامێکدا کە بۆ کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی ناردوە، دەڵێت، "ئێمە سورین لەسەر بەردەوام بون لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە توندەکانی ناوچەکە، لەوانەش قەیرانەکانی سودان، یەمەن، لیبیا و سوریا، لەگەڵ ڕێزگرتنی بێ چەواشەکاری بۆ سەروەری دەوڵەت و بڕگەکانی ئێستای یاسای نێودەوڵەتی".
روسیا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هەمو هاوکارییەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل
پوتن جەختی لەوەکردەوە، کە روسیا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی "هەمو هاوکارییەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل لەسەر بنەمای ئەو ڕێبازانەی کە لە بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دیاریکراون، هەروەها دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی کە لەلایەن شانشینی سعودیەوە".
بەردەوامبون لە فراوانکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی عەرەبی بە تەواوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان دەگرێتەوە
سەرۆکی روسیا نوسیویەتی، "پێمانوایە بەردەوامبون لە فراوانکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی عەرەبی بە تەواوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان دەگرێتەوە، هاوکات لەگەڵ بنیاتنانی سیستەمێکی دادپەروەرانەتر و دیموکراسیتر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی فرە جەمسەری و یەکسانی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە ڕەواکانی هەموانین".

دوێنێ هەینی کۆبونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەچو، کە تیایدا ڤلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداریکرد و رایگەیاند، "وڵاتەکەی روبەڕوی شەرێکی سەپێنەر بوەتەوە و خواستی ئەوان نەبوە، بەڵام هەرگیز ملکەچی دوژمن نابن".

نیشانەکردن

روسیا