خەندان-
میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵی بێوچان دەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی هاتنە ژورەوە بۆ ژمارەیەک وڵاتی جیهانی ئیسلامی و لەنێویشیاندا عێراق و سوریا.
میخائیل بۆگدانۆڤ لە پەراوێزی کۆڕبەندی جیهانی ڕوسیا-ئیسلامی (KazanForum) کە ئێستا لە شاری کازان لە ڕوسیا بەڕێوەدەچێت ڕایگەیاند، هەوڵەکان لەڕوی هەڵگرتنی ڤیزا بۆ ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی و چەند وڵاتێکی کیشوەری ئەفریقیا بەردەوامن، بە گشتی بەنیازی دەستبەرداری سیستمی پێدانی ڤیزەی چونە ژورەوەین، چونکە ئەم بابەتە بۆ گەشتیاری و بازرگانان زۆر گرنگە.
هەوڵی هاوشێوە بەرامبەر وڵاتانی ئاسیا دەدەین
میخائیل بۆگدانۆڤ ئاماژەی بە بەهایەکی تایبەت کرد کە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقا بۆ ڕوسیا دایدەنێن و وتیشی، "هەوڵی هاوشێوە بەرامبەر وڵاتانی ئاسیا دەدەین، کە لە داهاتودا ڕەنگە ببێتە ڕێگایەکی نایاب بۆ گەشتیاری و کەرتی بازرگانی، لەنێویاندا مالیزیا و ئیندۆنیسیا".
ئێمە ئۆفەرێک دەدەین بەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی هاوکاریمان دەکەن لە زۆر پرسدا
جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا ئەوەشیخستەڕو، سەبارەت بە وڵاتانی کەنداو و عەرەبی، ئێمە ئۆفەرێک دەدەین بەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی هاوکاریمان دەکەن لە زۆر پرسدا، ئەوانیش بە پلەی یەکەم میسر و عێراق و سوریان.