خەندان-
باڵیۆزخانەی چین لە ئەمریکا رایگەیاند، وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی چین هەفتەی داهاتو دەچێتە واشنتن و تاوتوێی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردو وڵات دەکات.
لیو پێنگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕایگەیاند، لە کەشوهەوای ئاڵۆزی ئێستادا، وانگ لەگەڵ وەزیری بازرگانی ئەمریکا جینا ڕایمۆندۆ و کاترین تای نوێنەری بازرگانی ئەمریکا لە واشنتن کۆدەبێتەوە.
بازرگانی دڵی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چینە، بەڵام بوەتە خاڵی مشتومڕ
بازرگانی دڵی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چینە، بەڵام بوەتە خاڵی مشتومڕ، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فرۆشی مایکرۆچیپی تەکنەلۆژیای بەرزی بۆ چین سنوردار کردوە و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکاش پەیڕەوییان لێکرد.
پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین زیانی بەرکەوتوە
وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن دەڵێت، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بەهۆی "رێوشوێنە تاکلایەنەکانی پاراستنی ئەمریکا" زیانی بەرکەوتوە.
ئەو بەرپرسە چینیە جەختیشی لەوەکردەوە، کە "چین وەک هەمیشە بانگەشە بۆ کرانەوە و هاوکاری دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش کۆمپانیا ئەمریکییەکان".