خەندان-
ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە هەولێر کۆدەبنەوە و پرسی هەڵبژاردنەکان بەتایبەت کورسی پێکهاتەکان باس دەکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە تائێستا هەردو حزب پێداگری لەسەر بۆچونەکانیان لەبارەی پێکهاتەکان دەکەن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان رایگەیاند، "تائێستا لەسەر بابەتی پێکهاتەکان دو رای جیاوازمان هەیە"، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، "هەمو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەمساڵ هەڵبژاردن ناکرێت".
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "بابەتی ئەمڕۆ گفتوگۆکردنە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئێمە لە کۆبونەوەکانی رابردو هەنگاوی باشمان ناوە بە ئاڕاستەی لێتێگەیشتنی باش لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەڵام تائێستا لەسەر بابەتی پێکهاتەکان دو رای جیاوازمان هەیە، ئێمە تەئکید لەوەدەکەینەوە کە دەبێت کورسی پێکهاتەکان بەپێی قەبارەی خۆیان دابەشبکرێن بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا، ئومێدەوارین لایەنی بەرامبەر کە پارتی دیموکراتی کوردستانە بێتەسەر ئەو رایەی کە کورسی پێکهاتەکان هاوشێوەی کورسیە گشتیەکان دابەشبکرێن بۆ ئەوەی کۆتایی ئەو ناکۆکیە بێت کەلەسەر هەڵبژاردن هەمان و دەستبکەین بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن".
رایەک هەیە دەڵێت: دەبێت کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێت بەتایبەتی خوشک و برا مەسیحییەکانی سنوری سلێمانی
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان چەند رایەک هەیە، رایەک هەیە دەڵێت "دەبێت کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێت بەتایبەتی خوشک و برا مەسیحییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کە داوای دابەشکردنی کورسیەکان دەکەن، چونکە تائێستا دەرفەتی ئەوەیان نەبوە ببنە ئەندامی پەرلەمان، ئەگەر بەوشێوازەش بێت رەنگە هەرگیز نوێنەریان نەیەتە پەرلەمان، هەندێکی دیکەیان داوا دەکەن لە دەنگدانی تایبە دەنگ بە پێکهاتەکان نەدرێت و بەشێکیان داوا دەکەن کە سندوقی تایبەت بە دەنگدانی خۆیانیان هەبێت و تۆماری دەنگدانیان جیابکرێتەوە".
دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا تەنها داوای یەکێتی نیە
لوقمان وەردی باسی لەوەشکرد، "دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا تەنها داوای یەکێتی نیە، کاتی خۆی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەنێوان یەکێتی، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتوی ئیسلامی و نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ پڕۆژەیەکمان پێشکەشکرد و گۆڕانیش هەموارێکی پێشکەشکرد، هەمومان داوای ئەوەمان کرد کە چوار کورسی پێکهاتەکان بۆ پارێزگای سلێمانی دیاریبکرێت کە دو نوێنەری مەسیحی و دو نوێنەری تورکمان بێت".
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی خەندان، شاندی یەکێتی بۆ کۆبونەوەی ئەمڕۆ پێکدێت لە د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان و رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و شاندی پارتیش پێکدێت لە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و رێبوار یەڵدا، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی.
پارتی و یەکێتی زەحمەتە لەبارەی هەڵبژاردن بگەنە رێککەوتن
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەڵێت، "پارتی و یەکێتی زەحمەتە لەبارەی هەڵبژاردن بگەنە رێککەوتن، چونکە هەردولایان سورن لەسەر راکانیان پەیوەست بە هەڵبژاردن، بۆیە پێناچێت لەو وادەی کە دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن کە (18ی 11ی 2023) بەڕێوەبچێت".
ئاماژەکان وادەری دەخەن کە کۆبونەوەی ئەمڕۆشدا شاندی پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن
ئەو سەرچاوەیە بۆ خەندان کە پێیباش نەبو ناوی بهێنرێت، رونیکردەوە، "ئاماژەکان وادەری دەخەن کە کۆبونەوەی ئەمڕۆشدا شاندی پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن، بەوهۆیەوە پڕۆسەی هەڵبژاردن جارێکی دیکە دوابخرێت و هەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی ئایندە".
تائێستا هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئاشکرا بڵێت کە هەڵبژاردن دوادەخرێت
ئەوەشی خستەڕو، "هەرچەندە تائێستا هیچ کەسێک ناتوانێت بە ئاشکرا بڵێت کە هەڵبژاردن دوادەخرێت بەڵام پێناچێت لەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت و پێدەچێت بکەوێتە مانگی (ئایار/5)ی ساڵی 2024".
بابەتی تۆماری بایکۆتی و بەکارهێنانی ئامێری چاودێری و تەکنەلۆژیا تازەیەو پێویستی بە راهێنان هەیە
یەکێکی دیکە لە ئاماژەکانی دواخستنی جارێکی دیکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاریەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە کە دەڵێت، پێویستە شەش مانگی لەبەردەمدابێت بۆ پڕۆسەکە، بەتایبەت بابەتی تۆماری بایکۆتی و بەکارهێنانی ئامێری چاودێری و تەکنەلۆژیا لای کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان تازەن، بۆیە پێویستیان بە ئەنجامدانی خول و راهێنانە.
پێدەچێت وادەی دوەمی هەڵبژاردن هەمان چارەنوسی یەکەمی هەبێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18ی 11ی 2023 دەرکردوە، کە ئەوە دوەمین فەرمانە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، بەڵام جاری یەکەم بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پڕۆسەکە دواخرا، پێدەچێت وادەی دوەمیش هەمان چارەنوسی یەکەمی هەبێت.