خەندان-
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی توشبوانی تای خوێنبەربون بۆ 119 حاڵەت بەرزبوەتەوە، لەنێویاندا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە، یەکێک لە توشبوەکانیش لە شاری هەولێرە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندوە، "حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانی توشبون بە تای خوێنبەربون بەرزبوەتەوە بۆ 119 حاڵەت، لەنێویاندا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە، کە ئەمڕۆ دو حاڵەتی مردن لە واست و موسەننا تۆمارکراون".
زۆربەی توشبوەکان لە زیقاڕ چڕبونەتەوە کە گەیشتوەتە 35 حاڵەت
ڕونیشیکردەوە، زۆربەی توشبوەکان لە زیقاڕ چڕبونەتەوە کە گەیشتوەتە 35 حاڵەت، دواتر بەسڕە دێت کە 18 حاڵەت لەو پارێزگایە تۆمارکراون، هەروەها لە موسەننا 10 حاڵەت، میسان هەشت توشبو، نەجەف هەشت توشبو، لە بەشی رەسافەی بەغدا شەش توشبو، لەسەڵاحەدین پێنج توشبو، لە کەرخی بەغدا پێنج توشبو، لە دیالە و دیوانیە هەریەکەیان چوار توشبو، لە واست و بابل پێنج توشبو، کەربەلا سێ، ئەنبار دو، لە هەولێریش یەک حاڵەت تۆمارکراوە.
سێ حاڵەتی مردن لە موسەننا تۆمارکراون
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە زیقاڕ بون، کە شەش حاڵەت بون، هەروەها سێ حاڵەتی مردن لە موسەننا تۆمارکراون.
پێویستە هەر کەسێک ئەو نیشانانەی تێدا دەرکەوت، بەزویی سەردانی ناوەکانی تەندروستی بکات
سەیف بەدر جەختی لەسەر پێویستی پابەندبون و گرنگیدان بە نیشانەی پێشوەختەی توشبون بە ڤایرۆسەکە کردەوە، وەک ماندوێتی و بەرزی پلەی گەرمی و داوایکرد، پێویستە هەر کەسێک ئەو نیشانانەی تێدا دەرکەوت، بەزویی سەردانی ناوەکانی تەندروستی بکات تاوەکو بتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ کرێت.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەشیخستەڕو، پێویستە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو مێروەی کە نەخۆشی تای خوێنبەربون دەگوازێتەوە، هاوکات پێویستیشە لەسەر هاوڵاتییان گۆشت لە فرۆشگا ڕێگەپێدراوەکان بکڕن و دوربکەونەوە لە کڕینی گۆشت لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان.
تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.
چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە
نیشانەكانی تای خوێنبەربون بریتین لە دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی، هەروەها چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە، لەوانە خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر، ئەوەش بەپێی وەزارەتی تەدروستیی و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.
كاركردن یان تێكەڵبون لەگەڵ كەسانی توشبو، سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی توشبو، بەكارهێنانی دەرزیی و ئامێری بەكارهاتوی توشبو، لە هۆكارەكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، لەگەڵ سێكسكردن لەگەڵ كەسانی توشبو بەبێ خۆپارێزی.
مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن
مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن، هەروەها مرۆڤی توشبوش.