خەندان-
دەنگدەرانی تورکیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەگەڕێنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی دوەمی سەرۆکایەتیدا کە دو کاندید رکاربەری سەخت دەکەن و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش بە وردی چاودێری پڕۆسەکە دەکات، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەردۆگان دەبێت واشتن خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادەبکات.
ئیدارەی سەرۆک جۆ و بایدن بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە خۆی ئامادە دەکات لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا مامەڵە بکات، دوای ئەوەی ئەردۆگان لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا بە زیاتر لە چوار خاڵ پێش رکابەرە سەرسەختەکەی کەوت، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی زیاتر لە 50%ی دەنگەکان هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی ببنە سەرۆک و بە ناچاری پڕۆسەکە چوە قۆناغی دوەم کە بڕیارە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
دەنگدانی سەرەتایی، ئۆپۆزسیۆنی تورکیای لە دۆخێکی شۆک و پشێویدا جێهێشتوە
بەگوێرەی ماڵپەڕی
ئەلمۆنیتۆر، دەنگدانی سەرەتایی، ئۆپۆزسیۆنی تورکیای لە "دۆخێکی شۆک و پشێویدا جێهێشتوە، لەکاتێکدا لە پێش هەڵبژاردنەکاندا ڕاپرسییەکان پێشبینیی سەرکەوتنی کەمال کلیچدارئۆغڵویان دەکرد، کە بەڵێنیدابو پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشو کە بەهۆی پەیوەندی ئەردۆگان و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا پاشەکشەی کردوە.
ئەردۆگان تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی ساختەکاری و جەهەپە سكاڵای تۆمارکردوە
ئەردۆگان تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی ساختەکاری و پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا (جەهەپە) بە سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغڵو سکاڵای لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا تۆمار کرد، بەڵام دانی بەوەدانا کە گومانی ناڕێکی لە هەزاران سندوقی دەنگدان بەس نییە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
بە دوای هەمو تاکە دەنگێکەوەین، تەنانەت ئەگەر ئەنجامە گشتییەکانیش نەگۆڕێت
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو، موحەرەم ئەرکێک، بەرپرسی جەهەپە لە ئەنقەرە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، پارتەکەی "بە دوای هەمو تاکە دەنگێکەوەیە، تەنانەت ئەگەر ئەنجامە گشتییەکانیش نەگۆڕێت".
ڕەخنەگران ئاماژەیان بەوەکردوە، کە بەکارهێنانی داهاتی دەوڵەت لەلایەن ئەردۆگانەوە و قۆرخکارییەکەی بەسەر میدیاکانەوە، سودێکی نادادپەروەرانەی پێبەخشیوە کە بەرەو قۆناغی دوەمی هەڵبژاردن دەڕوات، هاوکات چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن ئەردۆگان زیادکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی راگەیاند.
تەنها هیوادارم هەرکەسێک سەربکەوێت، سەربکەوێت
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشبڕکێ توندەکە، سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "تەنها هیوادارم هەرکەسێک سەربکەوێت، سەربکەوێت، مەبەستم ئەوەیە، لە ئێستادا بەس کێشە لەو بەشەی جیهاندا هەیە".
گۆنول تۆل، بەڕێوەبەری دامەزراوەی پرۆگرامی تورکیای پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی ناکات ئیدارەی بایدن زۆر زیاتر لەوە بڵێت و دەڵێت، "بایدن وتی ئێمە لەگەڵ هەرکەسێک کار دەکەین کە لە دەسەڵاتدایە، ئەوە پەیوەندییەکی زۆر گونجاوە، هەر بۆیەش گەشبین نیم کە هیچ شتێکی دیکە لە وەزارەتی دەرەوە ببیستن سەبارەت بە تۆمەتەکانی ساختەکاری".
ئەردۆگان وتی بایدن "فەرمانی ڕوخاندنی ئەردۆگانی داوە"
تیمی بایدن هۆکارێکی دیکەی هەیە بۆ بێلایەن بون، لەوانە دورکەوتنەوە لە چەقۆی پیلانەکانی ئەردۆگان کە لە ماوەی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، ئەردۆگان وتی بایدن "فەرمانی ڕوخاندنی ئەردۆگانی داوە"، مانگی ڕابردوش وەزیری ناوخۆی تورکیاش بە هەمان شێوە هۆشداریدا لە "هەوڵێکی کودەتای سیاسی" کە لەلایەن واشنتنەوە ڕێکخرابو.
سۆنەر کاگاپتای، بەڕێوەبەری بەرنامەی توێژینەوەی تورکیا لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، پێشبینی دەکات ئەگەر ئەردۆگان سەرکەوت ئەوا هەوڵەکانی سوید لە ناتۆ بەکاربهێنێت بۆ داوای کۆبونەوەی ڕوبەڕو لەگەڵ بایدن لە میانی لوتکەی هاوپەیمانییەکە لە لیتوانیا لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا.
کاگاپتای وتی، "هەستێکم هەیە کە جۆرێکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەو ڕێسێتە لەگەڵ بایدن، وای دەبینین، کە ئەردۆگان دێتە ئەمریکا و روسیا بۆ ئەوەی ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت".