فازڵ میرانی: ئێمە و یەکێتی حەز بکەین هیچ رێگرییەک نییە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت

08:18 - 18/05/2023

4659جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فازڵ میرانی، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، مانای ئەوە نییە هەڕەشە دەکات، بەڵکو فشارێکە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە، دەشڵێت، "پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین".

 ئەوانەی باسی شەڕی ناوخۆییان دەکرد ئەگەر خوانەکات شەڕیش بقەومێت شەڕ ناکەن
فازڵ میرانی لەبارەی ئەو بۆچونەی کە باس لە دوبارەبونەوەی شەڕی ناوخۆ یاخود دوئیدارەیی دەکات، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "بەداخەوە ئەوانەی باسی شەڕی ناوخۆییان دەکرد ئەگەر خوانەکات شەڕیش بقەومێت شەڕ ناکەن، ئەوانە شەڕەنگێزن، بەڵام شەڕکەر نین، پێشمەرگەی ئەمڕۆی کوردستان بە هەردولاوە شەڕی ناوخۆ قبوڵ ناکەن، دەڵێت خۆشبەختانە هەستی نەتەوایەتی و هەستکردن بە دۆخی کوردستان و هەروەها مەترسی لە بەرامبەر کەوتنە ژێر فشاری دەوروبەر، وەهای لە پێشمەرگە کردوە بیر لە شەڕی ناوخۆیی نەکەنەوە".
ی بە جەنابی سەرۆکمان وت کە دەستپێشخەری بکات 
ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێش ماوەیەک وەک سەرکردایەتی پارتی بە جەنابی سەرۆکمان وت کە دەستپێشخەری بکات لە مانگی ڕەمەزان و لە جەژنیشدا، ئەویش فەرموی جارێ مەجالم بدەنێ با دراسەی بارودۆخەکە بکەم پێی خۆش بو، بەڵام بیری لە بۆنەیەک دەکردەوە".

فازڵ میرانی وتیشی، "مەسعود بارزانی کردنەوەی مۆزخانەی مستەفا بارزانی کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق تیایدا ئامادەبون بە گونجاوترین بۆنە زانی بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەی".
ناڵێم تاکە ئاو بو، بەڵام ئاوێک بو کاریگەری هەبو
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەستپێشخەریەکەی مەسعود بارزانی تاکە ئاو بوو کە کرا بە ئاگری نێوان پارتی و یەکێتیدا، فازڵ میرانی وتی، "من ناڵێم تاکە ئاو بو، بەڵام ئاوێک بو کاریگەری هەبو".
زۆر لە دۆستانی کورد هەمیشە ئامۆژگاری ئێمە دەکەن و دەڵێن ئێوە یەکبن باشترە
ئەوەشی خستەڕو، زۆر وڵات و لایەن ئامۆژگاری هەردو پارتی دەسەڵاتداریان کردوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، وتی، "زۆر لە دۆستانی کورد لە عێراق، عەرەب، ئێران، وڵاتانی تر، کورد، غەیری کورد، دەوڵەتە بیانییەکان، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتوەکان، سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان و هەمو دۆستەکانی ئێمە هەمیشە ئامۆژگاری ئێمە دەکەن و دەڵێن ئێوە یەکبن باشترە، ئەگەر ئێوە یەکبن دەتوانین زیاتر یارمەتیتان بدەین".

پێشتر بەشێک لە میدیاکان لە زاری سەرچاوەکانی خۆیانەوە بڵاوییان کردەوە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هۆتێل ڕۆتانا لەگەڵ شاندێکی پارتی کە پێکهاتبو لە نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوەتەوە و پەیامی هۆشداری ئەمەریکای بە هەردو حزبەکە داوە.
لە دورەوە مەرحەبای وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمریکام کردوە و بینیم کە وتارەکەی خوێندەوە و لە پاش ئەوە بۆنەکەم بەجێهێشت
فازڵ میرانی رەتیکردەوە کۆبونەوەی لەو جۆرە کرابێت و وتی، "یەکەم کاک قوباد لە وێ نەبو، من لە دورەوە مەرحەبای وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمریکام کردوە و بینیم کە وتارەکەی خوێندەوە و لە پاش ئەوە من بۆنەکەم بەجێهێشت، بەڵام هیچ کۆبونەوەمان نەکردوە".

بەڵام ئەو دەنگۆیانەی ڕەتنەکردەوە کە باس لە ڕۆڵی ئەمەریکا دەکەن و وتی، "دەگوترێت ڕۆڵی دەرەکی هەبوە، وەکو وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەڵام چەندی ڕاستە و چەندی ڕاست نییە؟".
ئەمریکا هەر لە سەردەمی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشوتری ئەمریکاوە ڕۆڵی بەردەوامی هەبوە 
ئەوەشی وت، "ئەمریکا هەر لە سەردەمی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشوتری ئەمریکاوە ڕۆڵی بەردەوامی هەبوە لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەم بەردەوامییە بە ڕاستی لە چاکەی ئەوانە ئەگەر لەبەر چاوی ڕەشی ئێمەش نەبێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانە".
 پارتی و یەکێتی نە سوریایە و نە عێراقە و نە ئەفغانستانە
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا هەڕەشەی لە پارتی و یەکێتی کردبێت، وتی، "ئەو جۆرە دەنگۆیانە هی ڕۆژنامەیەکە یان هی کەسێکە کە سوود لەوە دەبینێت، پاشان ئەمریکا بۆچی هەڕەشە بکات؟. پارتی و یەکێتی نە سوریایە و نە عێراقە و نە ئەفغانستانە"، بەڵام وتی ئەگەر ئەمریکا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، مانای ئەوە نییە هەڕەشە دەکات، بەڵکو فشارێکە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە.

پەیوەست بە دوایین کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی کە ناوەڕاستی ئەم هەفتەی لە سلێمانی بەڕێوەچو، میرانی دەڵێت، "من ئێستاش دەڵێم، نیەتی دروستکردنی کۆبوونەوە نیەتی داڕشتنی بەلاغەکە لە شوێنی خۆی بێت، بەڵام نیەتی پەیڕەوکردنی ناوەڕکی بەلاغەکە گرنگە، پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین".
 پێش ساڵی نەوەدەکان شەڕی خراپترمان کردبو ڕێککەوتنامەی ستراتیژیمان کرد من حەزدەکەم کەسێکی بێلایەن بێت
هەروەها دەڵێت، "ئێمە پێش ساڵی نەوەدەکان شەڕی خراپترمان کردبو ڕێککەوتنامەی ستراتیژیمان کرد من حەزدەکەم کەسێکی بێلایەن بێت، بڵێت پارتی و یەکێتی زیانیان لەم ڕێککەوتنامە ستراتیژییە کردوە هەر بەو ڕێککەوتنامە ستراتیژییە (مام جەلال) بوە بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک بارزانی بوە سەرۆکی هەرێم و وەزارەتەکانمان هاوبەش کردەوە".

دەشڵێت، "بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە هەر شتە نەرێنییەکان دەبینن، بەڵام ئەم دامەزراوەی کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات لە 4ی مانگی حەوتی ساڵی 1992وە کە یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزرا هەتا ئێستا بە دو ئیدارەییشەوە هەڵبەتە ئیشی باشکراوه،‌ بەڵام لە پاڵ ئەوە ئیش هەیە نەکراون".
ۆ داهاتو رێککەوتنی ستراتیژی لەسەر سێ شتە
بە وتەی فازڵ میرانی، "بۆ داهاتو رێککەوتنی ستراتیژی لەسەر سێ شتە، یەکەم سودی میللەت و وڵاتەکە دوەم سودی هەردولا لە ڕێککەوتنەکە هەم پارتی و هەم یەکێتی، کەواتە هەرسێ هۆکار هاندەرە ڕێککەوتنێک بکرێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا و دۆخی ئەوسا لە یەکتری جیاوازە لەدوای هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن زەمینەسازییەکە بۆ ڕێککەوتنێکی تازە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر ڕێککەوتنی ستراتیژی بکرێت هەر لە نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت یان لایەنەکانی تر؟، لە وەڵامدا فازڵ میرانی وتی، "بە بۆچونی ئێمە ڕێککەوتنێکی فراوانتر بێت خەڵکی تری تێدا بێت باشترە، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی لە یەکتری نزیک بونەوە پێکەوە کاریان کردوە و زۆربەی زۆری کات هێزەکانی کوردستان هاوکاربون یان بونە هاوبەش".
نزیکبونەوەی ئێمە و یەکێتی زەمینەسازی دەکات بۆ هێزەکانی تر کە لەهەردولامان نزیک ببینەوە
هەروەها ئەوەشی وت، "نزیکبونەوەی ئێمە و یەکێتی زەمینەسازی دەکات بۆ هێزەکانی تر کە لەهەردولامان نزیک ببینەوە دورکەوتنەوەی ئێمە لە یەکتری هێزە سیاسیەکانی تر دەکەونە دڵەڕاوکێ نازانن لەگەڵ کام نزیک بن و لەگەڵ کام دوربکەونەوە لەبەر ئەوەی زۆرینەیان بێدەنگی یان بێلایەنی هەڵدەبژێرن".

سەبارەت بە خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئێستادا، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی وتی، "بەدڵنیاییەوە خاڵی ناکۆک هەیە، بۆیە دو حزب هەیە ئەگەرنا دەبوونە یەک حزب، ڕەنگە لە مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر یان عێراق بێت یان لەسەر مەسەلەی داهات و شێوەی حوکمڕانییەکەی بێت ئەمانە هەمووی لە هاوبەشدا دێنەوە پێش".
دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی یەکێتی نەکەین باشترە ئێمەش پێمان خۆش نییە
سەبارەت بە مامەڵەی پارتی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، بە تایبەت لە دوای ڕێککەوتنی هەردولایان؟، فازڵ میرانی وتی، "پێموایە ئێمە دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی یەکێتی نەکەین باشترە ئێمەش پێمان خۆش نییە، کەسێک دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێمە بکات ئەوە مەسەلەیەکی ناوخۆی یەکێتیە، ئەگەر بەیانی ئاشت ببنەوە ئێمە نابینە ڕێگر، حەزدەکەین هۆکارێکی خێر بین، ئێمە خۆمان ناچینە ناو ئەو (مەعمەعەیە)وە".

هەروەها سەبارەت بەوەی ئێوە ئامادەبن پێشوازی لە لاهور جەنگی بکەن وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی‌؟ فازڵ میرانی دەڵێت، "(سابق لڕوانه) وەکو عەرەب دەڵێت، ئێمە لایەنگری هیچ لایەک نابین دژی ئەوی تر پێمان باشە لەتکردن لەناو حزبی کوردستانیدا نەبێت، چونکە ئەنجامی نەرێنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا".

نیشانەکردن

یەکێتی پارتی