ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم ئیسرائیل

10:34 - 17/05/2023

6061جار خوێندراوەتەوە

لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای کۆبونەوەیان لە 12ی نیسانی 2021 لە قودس

خەندان-

سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی و ئیسرائیل رایانگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی پلانی هاوبەشی سەربازی لەبارەی ئێرانەوە خستوەتە بەردەم ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئەو وڵاتە گومانی هەیە ئەمریکا رێگری لێبکات ئەگەر هەر جوڵەیەک دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات. 

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی پلانی سەربازی هاوبەشی خستوەتەبەردەم حکومەتی ئیسرائیل.

بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەشداوە، بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی هاوبەشی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشێوەیەکە پێشتر کاری لەوجۆرە نەبوە.

ئیسرائیل بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ پێشنیازەکەی ئەمریکادا دەکات
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ پێشنیازەکەی ئەمریکادا دەکەن ترسیان لەوە هەیە ئەمریکا دەستیانبگرێت لەهەر کردەیەکی سەربازی ئەنجامبدەن بەرامبەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا هەمو جۆرە جوڵەیەکی لەو شێوەیە رەتبکاتەوە.

بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا ئەوەشیان ئاشکرا کردوە، پێشنیازەکە لەکاتی سەردانەکەی مارک مێڵی سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان و لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری و ئێریک کۆریلا فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل خراوەتە بەردەم حکومەتی ئەو وڵاتە. 
ئیسرائیل داوای رونکردنەوەی لە ئەمریکا کردوە لەبارەی پێشنیازەکەوە
ئەو بەرپرسانە دەشڵێن، ئیسرائیل بیرۆکەکەی رەتنەکردوەتەوە، بەڵام داوای رونکردنەوەی زیاتریان کردوە لەبارەی ئەوەی "پلانی کاری هاوبەشی سەربازی" چییە و مەبەست لێی چییە، چونکە لەراستیدا پلانی کاری هاوبەشی سەربازی لە مەیداندا هەواڵگری دەگرێتەوە تا ئاستی فراوانبون بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن.
پێشنیازەکە بۆ دڵنیاییدانە بە ئیسرائیل 
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمرکییەوە ئەوەشی ئاشکرا کردوە، پێشنیازەکە بریتییە لە دڵنیابونەوەی ئەمریکا لەگەڕاندنەوەی هێزەکانی بۆ ئیسرائیل نەک دەست بەستنی ئیسرائیل.

ئەوەشیان خستوەتەڕو، پلانی هاوبەش بریتیە لە هاوبەشی پێکردنی بیرۆکەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ روبەڕوبونەوەی هەر ئەگرێک کە دەکرێت روبدات ئەمەش لەرێگەی گفتوگۆکردن لەسەر هەمو سیناریۆکان.
خوازیارن ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل فراوان بکەن
لەلایەن خۆیەوە فلیپ ڤێنتەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" باسی لەوەکردوە، فەرماندەکانی وەزارەتی بەرگری چەندینجار باسیان لەوەکردوە کە خوازیارن ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل فراوان بکەن لە چوارچێوەی مەشق و راهێنانی سەربازی بە ئامانجی نەهێزکردنی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە. 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی رایگەیاند،  ئەمریکا دەیەوێت نیگەرانییەکانی ئیسرائیل بڕەوێنێتەوە.

نیشانەکردن

ئەمریکا ئیسرائیل