فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران داوای بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ روسیا دەکات

11:08 - 16/05/2023

2878جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران لە میانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەی هێزی دەریایی روسیا لە تاران داوای بەرزکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ روسیا کرد.

شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران لەگەڵ نیکۆلای یومێنۆڤ، فەرماندەی هێزی دەریایی روسیا لە تاران کۆبوەوە و بانگهێشتکرا بۆ بەشداریکردن لە نمایشی ساڵڕۆژی دامەزراندنی هێزی دەریایی روسیا لە سانت پترسبۆرگ.

 ئامادەبونی کەشتییە دەریاییەکانی روسیا لە سێ مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ ئێران و چین هەنگاوێکی زۆر بەنرخ بو
لە بەیاننامەیەکدا هاتوە، لەمیانی دیدارەکەدا فەرماندەی دەریاوانی ئێران پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ هێزی دەریایی ڕوسیا دەربڕی، رایگەیاند، ئامادەبونی کەشتییە دەریاییەکانی روسیا لە سێ مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ ئێران و چین هەنگاوێکی زۆر بەنرخ بو، پەیامێکی گرنگ بو بۆ دوژمنی هاوبەش.
ئێران داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کرد، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکان
فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کرد، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکان، بەتایبەتی مەشق و راهێنان و تەکنیکی، لە نێوان هەردو وڵاتدا.

لایخۆیەوە فەرماندەی هێزی دەریایی روسیا هیوای خۆی دەربڕی کە سەردانەکەی ئێستای بۆ تاران "هاوکاری دولایەنە زیاتر و زیاتر قوڵتر بکاتەوە".
جەخت لەسەر ئامادەیی هێزی دەریایی روسیا بۆ ئەنجامدان و جێبەجێکردنی رێککەوتنە دوقۆڵییەکان کرایەوە
ناوبراو خوازیاری درێژەدان بە هاوکارییە دەریاییەکانی نێوان دو وڵات، جەختی لەسەر "ئامادەیی هێزی دەریایی روسیا بۆ ئەنجامدان و جێبەجێکردنی رێککەوتنە دوقۆڵییەکان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی" کرد.

ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە، جۆن کێربی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕایگەیاند، ڕوسیا و ئێران هاوکارییە سەربازییەکانیان فراوانتر دەکەن، تارانیش بەردەوامە لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ مۆسکۆ.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتیشی، ئێران لە مانگی ئابەوە زیاتر لە 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕوسیا دابینکردوە و زۆربەیان لە شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون، بە ئامانجی لەناوبردنی ژێرخانی ئەوێ.

نیشانەکردن

ئێران روسیا