تویتەر بەهۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ژمارەیەک هەژمار بلۆك دەكات

09:58 - 16/05/2023

1957جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمپانیای تویتەر ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا چوار هەژمار و 409 تویتی بلۆک کردوە، بەهۆی ئەوەی بەشێك لە تویتەكان بونەتەهۆكاری دروستبونی هەڕەشە.

کۆمپانیای تویتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی، لەبارەی بلۆککردنی ژمارەیەک هەژمار و تویتەوە پێش هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە، پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا چوار هەژمار و 409 تویتی بلۆک کردوە.

ئەم رێکارەمان گرتوەتەبەر بە ئامانجی مانەوەی تویتەر 
دەشڵێت، "ئەم رێکارەمان گرتوەتەبەر بە ئامانجی مانەوەی تویتەر و بەردەستبونی بۆ هەمو کەسێک و بەرتەسککردنەوەی نیگەرانییەکان لەکاتی هەبونی هەر هەڕەشەیەک".
لە هەفتەی رابردو لەگەڵ حکومەتی تورکیا رێککەوتبون
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە هەفتەی رابردو لەگەڵ حکومەتی تورکیا رێککەوتبون و پێیان راگەیاندون کە تویتەر تاکە تۆڕێکە پابەندی بڕیارەکانی دادگای باڵا نەبوە. 

دەشڵێت، "ئەوان پێیان وایە ئەمە کۆتا پێڕاگەیاندن بوە پێیانگەیشتوە و بەهۆیەوە چوار هەژمار و 409 تویتیان بلۆک کردوە بۆئەوەی تا کۆتایی هەفتە، تویتەر بۆ هەموکەس بەردەستبێت".
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا تویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لەم هەنگاوە هیچ دەرچەیەکی دیکەی یاساییان لەبەردەستدا نەبوە بیگرنەبەر، بەدەسەڵاتی دادوەری تورکیاشیان راگەیاندوە، ترسیان هەیە لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربڕین.
تا ئێستا پێنج سکاڵای یاسایی لە دژیان لە دادگاکانی تورکیا تۆمار کراوە

دەشڵێت، تا ئێستا پێنج سکاڵای یاسایی لە دژیان لە دادگاکانی تورکیا تۆمار کراون و تێهەڵچونەوە بۆ چوار سکاڵایان کراوە و سكاڵایەکیشیان رەتکراوەتەوە.

تویتەر لە راگەیەنراوەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردوە، سبەی چوارشەممە، دادگا تێهەڵچونەوە بۆ ساکاڵای پێنجەم دەکات و سێ سكاڵایان جارێکی دیکە دادگا پێداچونەوەیان بۆ دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر تویتەر لەکاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەڵمەتەکانی بانگەشەکردن لە ساڵی 2020 بەهۆی بەکارهێنانی هەژماری تویتەر و فەیسبوکەوە وەک سەرچاوەیەکی بەردەست ژمارەیەک هەژمار و تویت و پۆستی فەیسبوکی بلۆک کرد، تویتەر هەمان رێکاریشی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا گرتوەتەبەر.