خهندان-
هێزە ئەمنییەكان و ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی تاوانی ڕێكخراو لە شارەكاندا بەردەوامن لە هەڵمەتەكانیان بۆ هاندانی هاوڵاتیان بۆ مامەڵەكردن بە دینار لەبری دۆلار، ئەمە جگە لەوەی چاودێری بازاڕ دەكەن بۆ ڕێگریكردن لە قۆرخكاری بازرگانان، كە بەشێكیان خواستیان بۆ بەرزكردنەوە نرخەكان هەیە لەسەر بنەمای لەسەر بەرزبونەوەی بەهای دۆلار.
بەڕێوبەرایەتی تاوانە ڕێكخراوەكان ئەمڕۆ دوشەممە، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی لە پارێزگاكانی میسان، زیقار، بابل، نەینەوا، جێبەجێكردنی هەڵمەتە گەورەكەی لە پارێزگای دیالە ڕاگەیاند.
تیمەكانیان هەڵمەتێكی هۆشیارییان ئەنجامدا بۆ ئەوەی داوا لە هاوڵاتیان و بازرگانان و دوكانداران بكەن مامەڵە بەدۆلار نەكەن
بەڕێوەبەرایەتی تاوانی رێكخراو ئاماژەی بەوەشكرد، تیمەكانیان هەڵمەتێكی هۆشیارییان ئەنجامدا بۆ ئەوەی داوا لە هاوڵاتیان و بازرگانان و دوكانداران بكەن لە شاری بەعقوبە لەبری دۆلار مامەڵە بە دیناری عێراقی بكەن بۆ سنورداركردنی قۆرخكاری كەسانی لاواز، بەئامانجی فرۆشتنی كاڵا یان كەرەستە بە هەمو جۆرەكانیان بەدینار لەبری دۆلار.
چەندین لایەن بەشدارن، لەوانە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتەكانی بازرگانی و ناوخۆ و پلاندانان
لەم هەڵمەتەدا چەندین لایەن بەشدارن، لەوانە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتەكانی بازرگانی و ناوخۆ و پلاندانان، جگە لە بانكی ناوەندی عێراق لەژێر ناونیشانی هەڵمەتی پاڵپشتیكردنی دیناری عێراقی.
حكومەت نرخی دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێشوی خۆی
لە مانگی (كانونی دوەم/1)ی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "حكومەت نرخی دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێشوی خۆی" و داوای لە هاوڵاتیانیش كرد، دۆلار هەڵنەگرن و پارەكانیان نەگۆڕنەوە بەدۆلار، چونكە دینار بەهێزترە.
ئامانجی هەڵمەتەكە سەقامگیركردنی دینارە وەك دراوێك بۆ بازرگانیكردن لە كڕین و فرۆشتنی
لەو چوارچێوەیەشدا سەرچاوەیەكی نزیك لە نوسینگەی سودانی ڕایگەیاند، ئامانجی هەڵمەتەكە سەقامگیركردنی دینارە وەك دراوێك بۆ بازرگانیكردن لە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماڵ و كەرەستەی كارەبایی و كەرەستەی بیناسازی و هەمو شتێك كە پەیوەندی بە كاری بازرگانی و ئابورییەوە هەیە لە بازاڕی عێراق.
ڕێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات یان هەڵگرتن و دەستكاریكردنی نرخەكەی دەكات
ڕونیشیكردەوە، حكومەتی ئێستا پلانی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆلار، بەمەبەستی بەدیهێنانی گەشەپێدان، كاراكردنی بەهای دیناری عێراقی لەڕێگەی فراوانكردنی بازنەی بەكارهێنانی بازرگانییەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات یان هەڵگرتن و دەستكاریكردنی نرخەكەی دەكات.
هەڵمەتەکە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت
ئەو سەرچاوەیە کە داوایکردوە ناوی ئاشکرا نەکرێت باسی لەوەشكردوە، هەڵمەتەکە بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی کە کێشەی زۆر لە بازاڕی عێراقدا هەیە لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵکردنی بازرگانەکان دۆلار و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەکاتێکدا کەمتەرخەمی دەکەن و هەر ئەو كەمتەرخەمیەش بوە هۆی دابەزینی بەهای دینار.
سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت کە پابەندی ڕێکارە نوێیەکان نین
ئەوەشیخستەڕو، سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت کە پابەندی ڕێکارە نوێیەکان نین، ئامانجیش سەقامگیرکردنی ئاستی نرخەکانە بۆ پاراستنی توانای کڕینی هاوڵاتیان.
وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی دەرکردوە، مامەڵەی بازرگان و هاوڵاتیانی لە بازاڕەکان بەدۆلار قەدەغە کردوە
میدیای فەرمی لە عێراق بە گێڕانەوە لە لێدوانێکی فەریق حسێن تەمیمی بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی تاوانی ڕێکخراو، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردوە، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی دەرکردوە، مامەڵەی بازرگان و هاوڵاتیانی لە بازاڕەکان بەدۆلار قەدەغە کردوە، سنوردارکردنی ئەم پرۆسەیەش تەنها بۆ دینار دەبێت، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی کە وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی لە ژێر ناونیشانی (پشتیوانی بۆ دیناری عێراقی) دەستیپێکردوە.
بەرەو دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی لەگەڵ بەشی تۆماری کۆمپانیاکان بڕۆن
بانکی ناوەندی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا داوای لە بازرگانان کرد کە بەرەو دامەزراندنی کۆمپانیای بازرگانی لەگەڵ بەشی تۆماری کۆمپانیاکان بڕۆن بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی داواکارییەکانیان لەڕێگەی پەنجەرەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بەشێوەیەکی ئاسان و بە نرخێکی فەرمی جێبەجێدەکرێن.
سەرەڕای بڕیارەکانی حکومەت لە عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەڵام ئەنجامیان نەبو، لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی بەهای دینار، ئەمڕۆ لە بۆرسەی بەغدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبونەوەی تۆمارکرد، بەجۆرێك 146 هەزار دینار بەرامبەرە بە 100 دۆلار.