خەندان-
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکار بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، "چەند نرخی فرۆشتنی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوکاتە بەشداری هەرێم لە میزانیەی عێراق بەرزدەبێتەوە، ئەوەش فشاری دارایی هەرێم لە سەر بودجەی عێراق کەمدەکاتەوە، (ئەمە ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە پێشتر 10 تا 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشرا)".
هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن.
دوای ساڵانێک لە هەناردەکردنی نەوت، 25ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم راگیرا
دوای ساڵانێک لە هەناردەکردنی نەوت بە سەربەخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی تورکیاوە، 25ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەکردنی نەوت راگیرا، ئەوەش بەهۆی بونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە مافی بەڕێوەبردنی تەواوی نەوتی کوردستانی بە بەغدا داوە.
لەمەودوا فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ" ئەنجام دەدرێت
لە دوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێک لە مانگی نیسانی ڕابردودا لەنێوان بەغدا و هەولێر واژۆکراوە، تێیدا هاتوە، فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ" ئەنجام دەدرێت، سەبارەت بەو داهاتانەی کە لە کێڵگەکانی هەرێمەوە دەستدەکەوێت، لە هەژماری بانکی لە بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق دادەنرێت.
ناکۆکی لەسەر نەوت، ساڵانێکە سەرچاوەیەکی سەرەکی گرژیی نێوان بەغدا و هەولێر بوە
ناکۆکی لەسەر نەوت، ساڵانێکە سەرچاوەیەکی سەرەکی گرژیی نێوان بەغدا و هەولێر بوە، ساڵی ڕابردو ئەو بابەتە گەیشتە دەسەڵاتی دادوەری، بەوپێیەی هەولێر پێیوابو حکومەتی ناوەند بە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی هەرێمدایە.
لە شوباتی 2022 دادگای فیدڕاڵی لە بەغدا فەرمانێکی دەرکرد، ئەو نەوتەی لەسەر خاکەکەی بەرهەمدێت ڕادەستی بەغدا بکات، هەروەها ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنێتەوە کە هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆیان کردوە، بەڵام دۆسیەکە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە تاوەکو رۆژێک بەر لە راگرتنی نەوتی هەرێم، دادگای پاریس بڕیارێکی لەبەرژەوەندی حکومەتی عێراق دەرکرد.