خەندان-
حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، سوریا لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە و پێگەی خۆی و میحوەرەکەی نەگۆڕیوە.
حەسەن نەسروڵا لە وتارێکدا لەبارەی سوریاوە، رایگەیاند، "سوریا لە شوێنی خۆی مایەوە و پێگە و میحوەرەکەی نەگۆڕی، ئەمڕۆش بە توندی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ئامادەیە، کە کاندیدەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی تێڕوانینەکانیان بەرامبەر بخەنەڕو".
لەگەڵ هەمو پێشهاتێکی ئەرێنیین سەبارەت بە سوریا
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەگەڵ هەمو پێشهاتێکی ئەرێنیین سەبارەت بە سوریا، هەروەها لەنێو ئەو کەسانەداین کە بۆ هەر سەرکەوتنێکی ئەخلاقی و سیاسی و سەربازی بۆ سوریا هەوڵدەدەن، لە هەمو پێشکەوتن و چاکبونەوە و سەرکەوتنێک بۆ سوریا ڕوخساری شەهیدەکانمان دەبینین".
سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سوریا دوپاتکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و سوریایە
نەسروڵا باسی لەوەشکرد، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سوریا دوپاتکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و سوریایە لە ئاستە جیاجیاکاندا، ئەو پێیوایە "پێویستە پەیوەندییەکانی لوبنانە لەگەڵ سوریا دەستپێبکاتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی لوبنانە لە بوارە جیاجیاکاندا".
سعودیە بڕیاری دەستپێکردنەوەی کاری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا داوە
وڵاتانی عەرەبی لەوانە سعودیە بڕیاری دەستپێکردنەوەی کاری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا داوە، هەروەها یەکشەممەی رابردو کۆمکاری عەرەبی دوای 11 ساڵ بڕیاری دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی شاندەکانی حکومەتی سوریا لە کۆبونەوەکانیدا دەرکرد.
ئەو بڕیارانە کۆتایی بەو گۆشەگیرییە دیپلۆماسییە دەهێنێت کە چەند وڵاتێکی عەرەبی لەسەرەتای ململانێکانەوە بەسەر دیمەشقدا سەپاندویانە، کە ئێستا چاویان لە پارەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیە.