بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمان: لە 48 کاتژمێری داهاتودا لیستی دابەشکردنی موچە رادەگەیەندرێت

09:11 - 10/05/2023

7261جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتودا حکومەتی هەرێم لیستی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی (نیسان/4) رادەگەیەنێت و بەو 400 ملیارەی کە بەغدا ناردویەتی دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
 
محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لەپەرلەمانی بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە لەماوەی 48 سەعات حکومەتی هەرێم لیستی موچە ڕادەگەیەنێت کە هەمو وەزارەتەکان موچەی خۆیان وەربگرن لەماوەیەکی کورتدا".

حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە ناردۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

دوێنێ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕەشید و ڕافیدەینەوە ناردۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ڕۆژانە حکومەت هەوڵدەدات بەشێوازێکی سیستەماتیک و دەوری ئەم داهاتە ناوخۆیەش کۆبکاتەوە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی هەرێم وتیشی، "بەو 400 ملیارەی کە لە بەغداوە هاتوە لەگەڵ ئەو داهاتە ناوخۆییەی کە تەواوکەری ئەم پارەیەیە و هەتا ئەوکاتەی لیستی موچە تەواو دەبێت، ڕۆژانە حکومەت هەوڵدەدات بەشێوازێکی سیستەماتیک و دەوری ئەم داهاتە ناوخۆیەش کۆبکاتەوە بۆئەوەی بتوانێت هەمو فەرمانبەرەکان بەگوێرەی ئەو خشتەیە موچەی خۆیان وەربگرن".

بەپێی پێشبینیەکانی ئێمە،‌ بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە بەو شێوازە بەردەوام دەبێت

محەمەد سەعدەدین ئەوەشیخستەڕو، "بەپێی پێشبینیەکانی ئێمە،‌ بەگوێرەی ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە بەو شێوازە بەردەوام دەبێت، حکومەتی هەرێم پێویستی بە سلفەیەکی باش هەیە بۆئەوەی ئەو مانگە پڕبکاتەوە، ئەم کێشەیە بەمنزیکانە چارەسەر ناکرێت".

دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران پەیوەندی بەکێشەی هەناردەکردنی نەوت یاخود بەدواکەوتنی ئەو پارەیە نییە کە لە بەغداوە دێت

محەمەد سەعدەدین دەڵێت، "دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران پەیوەندی بەکێشەی هەناردەکردنی نەوت یاخود بەدواکەوتنی ئەو پارەیە نییە کە لە بەغداوە دێت، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە شێوازی ڕێکخستنی کاروباری دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەت".

حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا پلانی نییە بگەڕێتەوە بۆ لێبڕین یا پاشەکەوتی بەشێک لە موچە

رەتیشیکردەوە، حکومەتی هەرێم پلانی هەبێت لێبڕین یان پاشەکەوت دەستپێبکاتەوە و وتی، "حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا پلانی نییە بگەڕێتەوە بۆ لێبڕین یا پاشەکەوتی بەشێک لە موچە، موچە پاشەکەوتکراوەکانیش قەرزن‌ لەسەر حکومەت".

ئەوەشی رونکردەوە، "گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران، پێویست دەکات نرخی نەوت بەشێوەیەکی باش بەرزببێتەوە بۆئەوەی حکومەت بتوانرێت پارەی یەدەگ کۆبکاتەوە و پاشەکەوتی موچە بداتەوە، ڕێگەی دوەم بریتییە لەوەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق خشتەیەک دابنێت تاوەکو بەشێوەیەکی ڕێژەیی لەگەڵ دابەشکردنی موچە بڕەپارەیەک دیاری بکرێت بۆ دانەوەی قەرزی ئەو فەرمانبەرانە، بەڵام ئێمە بەدوری دەزانین لەو قۆناغەدا ئەم کارە جێبەجێبکرێت و پاشەکەوت بدرێتەوە".‌

نیشانەکردن

موچە