وەزارەتی دارایی لە خەندانەوە تازەترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچە بڵاودەکاتەوە

09:27 - 09/05/2023

44466جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە سبەینێوە دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 4ی فەرمانبەران و لەدوای بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیاری دیکە لە بەغداوە بەرچاوی وەزارەتەکە رونبوەتەوە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە لێدوانێکدا بە خەندان-ی راگەیاند، "لەسبەینێوە دەست بە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 4ی ئەمساڵ دەکەن، سەرەتا پارەکە لە رێگەی لیژنەوە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراقەوە دەگوازینەوە بۆ بانکەکانی خۆمان و دواتر رەوانەی خەزێنەکان دەکرێت، بەڵام وادەی راگەیاندنی خشتەی موچە و دابەشکردنی دیارنیە".

 ئەگەر بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیاری دیکەی نەدایە نەماندەتوانی دەستبکەین بە دابەشکردنی موچە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیاری دیکەی نەدایە "نەماندەتوانی دەستبکەین بە دابەشکردنی موچە، چونکە 340 ملیار کورتهێنان دەبو، بەڵام دوای ئەوەی بڕیاری لێدرا بەرچاومان بۆ دابەشکردنی موچە رونبوەوە".
بۆ دابەشکردنی موچە پێویستیمان بە 940 ملیار دینارە
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم دەڵێت، "بۆ دابەشکردنی موچە پێویستیمان بە 940 ملیار دینارە، بەغدا 800 ملیاری رەوانە دەکات و 140 ملیار دینارەکەی دیکەش لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە".
حکومەتی عێراق بڕیاریدا 400 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆش بڕیاریدا 400 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە بەپێی وتەی فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بۆ خەندان، تاوەکو کۆتایی هەفتەی ئایندە ئەو پارەیەش دەگات.
بۆ موچەی مانگی 5ی 2023 چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەین
رەوانەی 400 ملیاری دیکە کە پێدەچێت تاوەکو کۆتایی هەفتەی ئایندە بگات، بۆ موچەی مانگی 5ی ئەمساڵە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەوبارەیەوە دەڵێت، "تائێستا ئاگادارنیم، بەڵام بۆ موچەی مانگی 5ی 2023 چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەین، ئەگەر پارە بەردەست نەبێت ئێمە چی بکەین؟ دەبێت موچەی مانگی 4ی پێتەواوبکەین". 

نیشانەکردن

موچه‌