خهندان-
ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا رایدەگەیەنێت، بۆئەوەی ئەم بێنەو بەردەیە لە سێ ساڵی داهاتودا بەردەوام نەبێت و هەرێم شایستەی دارایی خۆی مانگانە بێ کێشە وەربگرێت، پێویستە ماددەی 12ی پرۆژەیاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و دەشڵێت، " بۆ ئەوە درەنگە و دەبێت پەلە بکرێت پێش خوێندنەوەی دوەم و خستنەڕوی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوی جدی بنرێت".
ئامانج رەحیم لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە، "بۆئەوەی ئەم بێنەوبەردەیە لە سێ ساڵی داهاتو بەردەوام نەبێت و هەرێم شایستەی دارایی خۆی مانگانە بێ کێشە وەربگرێت کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 384 ملیار دیناری مانگانە، ئەگەر بەشی هەرێم لە خەرجیەکانی ناو سیادیش زیاد بکەین ئەوا دەکاتە یەک ترلیۆن و 526 ملیار دیناری مانگانە، وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2025 جێگیرکراوە، پێویستە داڕشتنی مادەی 12ی پڕۆژە یاساکە هەمواربکرێت بەوشێوەیەی بەندە پێشنیاری کردوە و وەکو داڕشتنی هەمان ماددە لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2013 و پێشتری لێ بکرێتەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێت نەک لەسەر بنەمای خەرجی ڕاستەقینە و داهاتی نەوت و گومرگ".
بۆ ئەوە درەنگە و دەبێت پەلە بکرێت پێش خوێندنەوەی دوەم و خستنەڕوی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بۆ ئەوە درەنگە و دەبێت پەلە بکرێت پێش خوێندنەوەی دوەم و خستنەڕوی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران، هەموارکردنەوەی داڕشتنی بڕگەی 1 و 2ی ماددەی 12 لە پڕۆژەکە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانە چونکە سەقفی موازەنەکە بەرزناکاتەوە، تەنها گرەنتی ئەوە دەکات کە شایستەی هەرێم مانگانە وەک ژمارەی ناو جدولەکان بگاتە هەرێم".
دوای ئەو هەمو بێنەو بەردەیە ئەمڕۆ بە شێوازی قەرزی بازرگانیی لە لایەن بانکێکی بازرگانییەوە TBI تەنها 200 ملیار دەنێرن
دەشڵێت، "ئەوەتا هەرێم یەک قەترە نەوتی لەم دو مانگە نە هەناردە کردوە و نەفرۆشتویەتی و داهاتەکەشی سفرە، ئەو بەهانەیەش نەماوە لای حکومەتی فیدڕاڵی، کەچی دوای ئەو هەمو بێنەو بەردەیە ئەمڕۆ بە شێوازی قەرزی بازرگانیی لە لایەن بانکێکی بازرگانییەوە TBI تەنها 200 ملیار دەنێرن ئەویش وەک قەرز نەک شایستەی دارایی".
پێویستە ئێستا خەمی یەکەمی یەکێتی و پارتی و ئەندامانی کوردستانیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم بابەتە بێت
ئامانج رەحیم ئاشکراشیکردوە، "پێویستە ئێستا خەمی یەکەمی یەکێتی و پارتی و ئەندامانی کوردستانیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم بابەتە بێت، ئەگینا لە سێ ساڵی داهاتو ئەم دەستی دەستی پێکردنە بەردەوام دەبێت، وەزارەتی دارایی عێراقیش زیرەکانە ئەو ماددەیەیان وا داڕشتوە بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت تا هەمیشە بڵێن هەرێم بە پێی یاسای بودجە شایانی ناردنی شایستەی مانگانەی نیە".
ئامانج رەحیم ئەوەشی راگەیاندوە، "بە پێچەوانەوە ئەو ژمارە گەورانەی دانراون بۆ هەرێم لە ناو خشتەکان بەو داڕشتنەی ئێستا بێ مانا دەمێننەوە، دەبێت مانگانە چاوەڕێی TBI بین قەرز بدات بە هەرێم و کەڵەکە بێت لەسەر قەرزەکانی ئێستای هەرێم".