خهندان-
حكومەتی فیدڕاڵی بە دو بەشی جیا 400 ملیار دینارەكەی رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد، بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی و ئابوری دابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان/4)ی فەرمانبەران دەستپێبكات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕی 200 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق".
200 ملیار دیناری دیكە خراوەتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتەكەیان
پاش كەمتر لە كاتژمێرێكیش، وەزارەتی دارایی لەڕاگەیەندراوێكی دیكەدا بڵاویكردەوە، 200 ملیار دیناری دیكە خراوەتەسەر هەژماری بانكی وەزارەتەكەیان.
هەردو بڕە پارەكە لەلایەن بانكەكانی رافدەین و رەشیدەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراون
بەگوێرەی زانیاریەكان، هەردو بڕە پارەكە لەلایەن بانكەكانی رافدەین و رەشیدەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراون، بەشێوەی قەرز لەئەستۆی حكومەتی هەرێم دەبێت تا كاتی پەسەندكردنی بودجەی 2023 و پاشان وەردەگیرێتەوە.
دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان/4)ی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت
لەلایەكی دیكەشەوە سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی بە خەندان-ی راگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارە لەگەڵ بەشێك لە داهاتی ناوخۆ كە لەئێستادا نزیكەی 150 ملیار دینار لەبەردەستدایە، لەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان/4)ی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت، یەكەم وەزارەتیش كە موچەی پێدەدرێت وەزارەتی تەندروستیە، بۆ لیستی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانیش، وەزارەتی دارایی لیستێك بڵاودەكاتەوە..
دوێنێش، مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارەی كە بڕیارە لە عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ڕەنگە لە دو ڕۆژی داهاتودا بگاتە هەولێر.
پێشتر ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایگەیاندبو، "لەبەرئەوەی بەغدا پرۆسەیەکی دروستکردوە ناوی ناردنی 400 ملیار دینارەکەیان ناوە قەرز، بۆیە دەبێت لەرێگەی بانکە حکومیەکانەوە بنێردرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پارەی بۆ تەرخانبکرێت و ئێمەش سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارەکانین".