عەلی حەمەساڵح: هیچ پارەیەک بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە لە بودجە تەرخان نەکراوە

10:28 - 09/05/2023

4327جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عەلی حەمەساڵح ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی بۆ پەسەندکردنی بودجەی عێراق، هیچ بڕە پارەیەک بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخاننەکراوە، لەکاتێکدا داواکە زۆر ڕەوا بو، بەڵام بە ڕێگای دروست کاری بۆ نەکرا و زیاتر بۆ میدیا بو.

عەلی حەمەساڵح لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ پەسەندکردنی بودجە پێشکەش بە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکات، هەرچەندە هەندێک لە پەرلەمانتار وتیان، نوسراومان کردوە بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوت و ئاراستەی لیژنەی دارایی کراوە، بەڵام هیچ تەرخانکراوێکی پارە بۆ ئەم بابەتە بونی نیە".

ئەم داواکاریە زۆر ڕەوا بو، جێی دەستخۆشی بو، بەڵام شێوازەکەی هەڵە بو

دەشڵێت، "ئەم داواکاریە زۆر ڕەوا بو، جێی دەستخۆشی بو، بەڵام شێوازەکەی هەڵە بو، چونکە هیچ بڕە پارەیەک ئەم بابەتە تەرخاننەکراوە، بۆیە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕاپۆرتی بودجەدا جێگەیان نەکردوەتەوە، دەبو سەرەتا کار لەسەر تەرخانکراو بکرێت".

لە بودجەی عێراق مانگانە 885 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانکراوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە بودجەی عێراق مانگانە 885 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانکراوە، پارەی پێویستیش بۆ موچە 910 ملیار دینارە، واتە ٢٥ ملیار کورتهێنان هەیەو دەبێت حکومەتی هەرێم پڕی بکاتەوە".

نیشانەکردن

موچە