خهندان-
ماڵپەڕێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە کۆشکی سپی شەڕێک لەسەر ئەو خواردنە ناتەندروستانەی کە جۆو بایدن سەرۆک کۆمار دەیخوات دروستبوە، هەمیشە سەرۆکی ئەو وڵاتە حەز لەو خواردنانە دەکات کە کاربۆهیدراتیان تێدایە و دورە لەخواردنی سەوزە، ئەمەش پێچەوانەی بۆچونی هاوسەرەکەیەتی کە خانمی یەکەمی ئەمریکایە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، جۆو بایدن زیاتر لە سەوزە، ئەو خواردنانە دەخوات کە کاربۆهیدراتیان تێدایە، بەڵام خانمی یەکەم جیل بایدن دەیەوێت ماسی جۆری سەلەمون و سەوزەوات زیاتر بخوات سەرەڕای ئەوەی کە حەزیشی لێنەبێت.
شەڕ لەسەر ڕێجیمەکەی بایدن تەنها یەکێکە لە چەندین هەنگاوی گشتی و تایبەتی یاریدەدەرانی نزیکی خۆی و خانمی یەکەم
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ لەسەر ڕێجیمەکەی بایدن تەنها یەکێکە لە چەندین هەنگاوی گشتی و تایبەتی یاریدەدەرانی نزیکی خۆی و خانمی یەکەم بۆ پاراستنی تەندروستی سەرۆکی تەمەن 80 ساڵان کە ڕایگەیاندوە خۆی بۆ خولی دوەم کاندید دەکات.
بایدن ئەو خواردنانە دەخوات کە ئارەزوی دەکات
بەشێک لە یاریدەدەرەکانی بایدن ماوەیەکی زۆرە تێبینی ئەوەیان کردوە، "جۆو بایدن ئەو خواردنانە دەخوات کە ئارەزوی دەکات، واتە شێوەی خۆراکەکەی، خۆراکی بەسودی وەک سەوزە و میوەی تێدا نییە".
خواردنە دڵخوازەکانی بریتین لە ساندویچی کەرەی فستق و مرەبا، پیتزا، کولێرە، ماکارۆنی کەرە
بەوتەی یاریدەدەرەکانی ئێستا و پێشوی بایدن، "خواردنە دڵخوازەکانی بریتین لە ساندویچی کەرەی فستق و مرەبا، پیتزا، کولێرە، ماکارۆنی کەرە، سۆسی سور و ئایسکرێم".
لە مانگی (ئەیلول/9)ی 2021، ڤاڵ بایدن خوشکی جۆو بایدن سەردانی کۆشکی سپی کردوە بۆ نانخواردنێکی تایبەت، خانمی یەکەمیش خواردنی سەرەکی خۆیان بۆ هەڵبژاردوە کە بریتی بوە لە ماسیەکی سەلەمون لەگەڵ تێکەڵەیەک لە سەوزە.
بەپێی ئەو گێڕانەوەیەی ڤاڵ بایدن لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئێوارەخوانەکەی کردوە، سەرۆک کۆمار کە هاندەری سەلەمون نییە، دەڵێت، "بە نەفرەت بێت، وا دەکات بەردەوام ئەم شتە تەندروستە بخۆم".
ڤال باسی لەوەشکردوە، خانمی یەکەم لە چاوی نەمابو، بایدن هەندێک کێکی لیمۆی پاوندی خوارد و کارتۆنێکی ئایسکرێمی چپس شوکولاتەی بریێری بۆ شیرینی تەواو کرد.