خهندان-
شارەزایەکی کاروباری دارایی ئەمڕۆ دوشەممە، سێ هۆکاری دیاریکرد کە لە پشت بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقیەوەن و راشیگەیاند، یەکێک لەهۆکارەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمە کە بۆتە هۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار.
جەبار تەمیمی شارەزای بواری ئابوری رایگەیاند، سێ هۆکار لە پشت دوبارە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینارەوە، یەکەمیان سنوردارکردنی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی (ماستەرکارت)ە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، کە لەم دواییانەدا وەک ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی عێراق بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەکارهێنرا.
سنوردارکردنی پێشوەختەی بەکارهێنانی ماستەرکارت، تاڕادەیەک قەیرانی حەواڵەی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا زیندوکردەوە
وتیشی، "سنوردارکردنی پێشوەختەی بەکارهێنانی ماستەرکارت، تاڕادەیەک قەیرانی حەواڵەی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا زیندوکردەوە و خواستی لەسەر دۆلار بەرزکردەوە".
بڕی گواستنەوەی پارەی دەرەکی کە لەڕێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەوە جێبەجێدەکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی گواستنەوەی پارەی دەرەکی کە لەڕێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەوە جێبەجێدەکرێت هێشتا لە سنوری 150 ملیۆن دۆلاردایە لە ڕۆژێکدا، نزیکەی 75%ی داواکاری ڕاستەقینەی حەواڵە جێبەجێدەکات، بازرگانی لەگەڵ ئێرانیش بە یوانی چینی یان درهەمی ئیمارات ئەنجامدەرێت، بۆئەوەی فشارێکی بەردەوام لەسەر دۆلار لە بازاڕی ناوخۆییدا کەم ببێتەوە".
ئەوەشیخستەڕو، هۆکاری سێیەم بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە لە رابردودا ئەو دۆلارانەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕانەوە، ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە بێت، دەخرانەبازاڕەوە و خواستێکی زۆری بەکارهێنەرانی دۆلاریان دابیندەکرد.