خەندان-
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەردانێکی پلان بۆ داڕێژراوی بۆ پاریس هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی قسەکانی وەزیری ناوخۆی فڕەنسای بە "قبوڵنەکراو" وەسف کرد، دوای ئەوەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا "بەبێ توانا" لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆچبەری لە وڵاتەکەیدا زانی.
روداوەکانی ئەم دواییەی نێوان فڕەنسا و ئیتاڵیا لە ژێر ڕۆشنایی ناکۆکی نێوان هەردو وڵاتدا دێت لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبونی شەپۆلی کۆچبەران لە تونسەوە، لەکاتێکدا ئیتاڵیا داوای هەنگاوێکی فراوانتری ئەوروپی دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆچبەران، بەڵام فڕەنسا پێی وایە ڕوبەڕوبونەوەی کۆچبەری تەنها ئەرکی ئیتاڵیایە.
وەزیری ناوخۆی فڕەنسا، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیای بە بێتوانا ناوربرد
ڕۆژی پێنجشەممە، جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا رایگەیاند، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا "بێ توانایە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆچبەری" لە وڵاتەکەیدا، کە شایەتحاڵی هاتنی ژمارەیەکی پێوانەیی کۆچبەرانە لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاست.
ئەو قسانەی ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا بو سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئوردن باردێلا، سەرۆکی پارتی نیشتمانیی ڕاستڕەوی توندڕەو، سەبارەت بە دۆسیەی کۆچبەران لەسەر سنوری نێوان فڕەنسا و ئیتاڵیا.
میلۆنی ناتوانێت کێشەکانی کۆچبەران چارەسەر بکات".
دارمانین لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی RMC وتی، "میلۆنی، ئەو حکومەتە ڕاستڕەوەی لەسەر بنەمای دژایەتی کۆچبەران پێکهێنا بەڵام ناتوانێت کێشەکانی کۆچبەری چارەسەر بکات".
ئیتاڵیا نەیتوانی هاوتاکانی لە یەکێتیی ئەوروپا، لەوانەش فڕەنسا، قەناعەت پێبکات کە پێویستە خێرا هەنگاو بنێت
ئیتاڵیا نەیتوانی هاوتاکانی لە یەکێتیی ئەوروپا، لەوانەش فڕەنسا، قەناعەت پێبکات کە پێویستە خێرا هەنگاو بنێت بۆ یارمەتیدانی تونس بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلی زیادبونی کۆچ لە چەند هەفتەی ڕابردودا بەهۆی سەختی ئابوریی و دۆخی ئەمنییەوە.
ئیتاڵیا داوای پشتیوانی لە تونس دەکات تەنانەت پێش ئەوەی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بگاتە ڕێککەوتن
لەکاتێکدا ئیتاڵیا داوای پشتیوانی لە تونس دەکات تەنانەت پێش ئەوەی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بگاتە ڕێککەوتن، وڵاتانی کاریگەر لە یەکێتی ئەوروپا داوای هەڵوێست لە ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی حکومەتی تونس بە خێرایی رێککەوتنەکە واژۆ بکات بۆ بەدەستهێنانی یەکەمین قۆناغی قەرزەکە.
تونس لەمساڵدا شەپۆلی پێوانەیی کۆچبەری لە سەرانسەری کەناراوەکانیدا بەخۆیەوە دەبینێت
تونس لەمساڵدا شەپۆلی پێوانەیی کۆچبەری لە سەرانسەری کەناراوەکانیدا بەخۆیەوە دەبینێت، چونکە بوەتە یەکەمین ناوچەی ترانزێت بۆ ناوچە نزیکەکانی ئیتاڵیا، کە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا شاهیدی لێشاوی نزیکەی 30 هەزار کۆچبەر بوە.
ڕونە کە ئەو دۆخە سەختەی کە ئیتاڵیا پێیدا تێدەپەڕێت بەهۆی بارگرانییە زیادەکانی شەپۆلی کۆچبەرانەوەیە و دوبارە ناکۆکی نێوان ڕۆما و پاریسی هەڵگیرساندەوە، ناکۆکییەک کە پێشتر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیتاڵیا دروستبو، کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ڕاستڕەوی ئیتاڵیا.
وەزیری ناوخۆی فڕەنسا وتی، "مێلۆنی لە سەرکردەی ڕاستڕەوی توندڕەو لە فڕەنسا مارین لێپێن دەچێت، ئەو لەسەر بنەمای ئەوەی دەڵێت دەستکەوتەکان بەدەستدەهێنێت هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە کۆچبەری ناوەستێت، بەڵکو زیاد دەکات".
کاردانەوەی ڕۆما بەرامبەر بەو لێدوانانە خێرا بو، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەو دیدارەی هەڵوەشاندەوە
کاردانەوەی ڕۆما بەرامبەر بەو لێدوانانە خێرا بو، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەو دیدارەی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بو ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە پاریس لەگەڵ هاوتاکەی کاترین کۆلۆنا ئەنجام بدرێت.
لە هەوڵێکدا بۆ وەستاندنی ئەو پەرەسەندنە، وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هیوادارە" وادەیەکی نوێ بۆ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دیاری بکرێت.
حکومەتی فڕەنسا دەیەوێت لەگەڵ ئیتاڵیا کاربکات بۆ چارەسەرکردنی تەحەدای هاوبەشی کۆچبەران
دوابەدوای قسەکانی دەرمانین، وەزارەتی دەرەوەی فرەنسا وتی، "حکومەتی فڕەنسا دەیەوێت لەگەڵ ئیتاڵیا کاربکات بۆ چارەسەرکردنی تەحەدای هاوبەشی کۆچبەران".
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردوەتەوە ،کە پەیوەندی نێوان فڕەنسا و ئیتاڵیا "لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتری نێوان هەردو وڵات و نێوان سەرکردەکانیان دامەزراوە".
ئەمساڵ زیاتر لە 42 هەزار کەس لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاستدا گەیشتونەتە ئیتاڵیا
وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ زیاتر لە 42 هەزار کەس لە سەرانسەری دەریای ناوەڕاستدا گەیشتونەتە ئیتاڵیا، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا نزیکەی 11 هەزار کەس گەیشتونەتە ئیتاڵیا.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە بە تێکڕا وەرزی یەکەمی ساڵی 2023 کوشندەترین وەرزی کۆچبەی بو.ە