سیستمێکی نوێ بۆ کارەبای هاوڵاتیانی هەرێم جێبەجێدەکرێت

02:19 - 02/05/2023

25190جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتەکەدا بڕیاردرا سیستمی پریپەید بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە و لەسەرەتاشدا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبونی شارە گەورەکان دەستیپێدەکرێت.

 بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ سێشەممە کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبای کرد و لە کۆبونەوەکەدا باس لە داهاتی کارەبا و فرۆشتنی وزە و کەمکردنەوەی قەرزەکانی کارەبا و سیستەمی پریپەید کرا.

بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید درا
ئەوەشخراوەتەڕو، هەر لە کۆبونەوەکەدا، بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید درا و لە سەرەتادا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبونی شارە گەورەکان دەستپێدەکرێت. 

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری کارەبا سوپاسی تیمەکانی کارەبای کرد کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دڵسۆزانە خزمەتگوزاریی کارەبایان بۆ هاوڵاتیان دابینکرد.

لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 356 هاوبەشی کارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و چالاک کراون و کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، سیستەمی پریپەید هاوشێوەی کارتی مۆبایلە، بایی چەند کارەبات پێوێستە ئەوەندە کارت دەکڕیت، بۆ بەکارهێنانەکەشی دەوەستێتە سەر هاوبەشی کارەبا، بیەوێت زیادەڕۆیی تێدا بکات، یان بیەوێت دەستی پێوە بگرێت.

نیشانەکردن

كاره‌با