خهندان-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تائێستا خشتەی نوێی موچەی فەرمانبەران کە گۆڕانکاری تێدادەکرێت و جیاوازی لەنێوان موچەخۆران کەمدەکرێتەوە لەبەردەستی حکومەتدایە و رەوانەی پەرلەمان نەکراوە، ئەوەی لە لیژنەی داراییش گرنگە و دەکرێتە بنەما، لەو خشتەیەدا دادپەروەری رەچاو بکرێت.
مەزر کەروی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای هەموارکردنەوەی موچە کە چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن حکومەتی سودان پێکهێنرا، زۆربەی کارەکانی تەواوکردوە و پێوەرێکی هاوسەنگی رەچاوکردوە کە دادپەروەری و شەفافیەت لە دیاریکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەخۆدەگرێت.
هێشتا پێوەرەکانی موچە لە رەفەکانی حکومەتدایە
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا پێوەرەکانی موچە لە رەفەکانی حکومەتدایە و تا ئێستا نەگەیشتوەتە ئەنجومەنی نوێنەران، "لیژنەی داراییش پشت بە سێ بنەما دەبەستێت لەسەر پێوەرەکانی موچە کە دیارترینیان دادپەروەرییە بەرامبەر بە فەرمانبەرانی ئاسایی، بەجۆرێک جیاوازی موچە نەمێنێت.
پشتیوانی لە خشتەی نوێی موچەی فەرمانبەران دەکەن
ئەوەشیخستۆتەڕو، "پشتیوانی لە خشتەی نوێی موچەی فەرمانبەران دەکەن، چونکە دەبێتە هۆی دەوڵەتێکی دادپەروەرانە لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا و بەشداری دەکات لە پاڵپشتیکردنی چەند چین و توێژەکان لەگەڵ گرانبونی نرخەکان لە بازاڕەکاندا".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەشڵێت، "چین و توێژە گەورەکانی عێراق چاوەڕوانی پەسەندکردنی یاسای پێوەرەکانی موچەن، کە جیاوازی دارایی لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت کەمدەکاتەوە".