په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: كابینه‌ی نۆیه‌م پڕیەتی لە زهنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن

10:39 - 27/04/2023

4561جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

کاروان گەزنەیی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، کابینەی نۆیه‌م "کابینەیەکی ئەمنی و پڕیەتی لە زهنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینە سازی بۆ دیکتاتۆریەت"، ده‌شڵێت، "سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دوچاری شەلەل و داڕمان بون".

کاروان گەزنەیی له‌ نوسینێكدا به‌ توندی هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌ڵێت، "کابینەی نۆیه‌م کابینەیەکی ئەمنی پارانۆیدە و پڕیەتی لە زهنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینە سازی بۆ دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و کوشتن و بڕین؛ ئەم هەمو ڕوداوی کوشتن و لێدان و ئەتککردنەش، مسۆگەر دەرهاویشتەی زهنیەتی ئیدارەدانی کابینەکەیە".

ئەم کابینەیە هەر لە ئیدارەدانەوە بگرە تا دەربڕین بە خراپترین شێوە فەشەلی هێناوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئەم کابینەیە هەر لە ئیدارەدانەوە بگرە تا دەربڕین بە خراپترین شێوە فەشەلی هێناوە، زمانی ئێستای حکومەت و نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و وتەبێژەکەی لە هەر کاردانەوەیەک، زمانێکی ئاستنزمی ڕێزمانی و دەربڕینێکی جاهلیانەی سەردەمی شەڕی ناوخۆییە؛ ئەگەر ئەمە زمانی سەرۆکی حکومەت لە هەڕەمەی هەرە سەرەوری ئیدارەدانبێت، بێشک هیوایەک نامێنێ بۆ گەشەسەندن و بەرەو پێشبردنی وڵات؛ بە پێچەوانەوە، هەمو چاوەکان لەسەر دوا بزماری تابوتی ئەم جەهالەتە و جەهەننەمە دروستکراوە دەبن!".
سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دوچاری شەلەل و داڕمان بون
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی كه‌ حزبه‌كه‌ی پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌، ده‌شڵێت، "سەرباری نادادی، گەندەڵی، بیرۆکراسیەت، ژێرپێخستنی یاسا، ناشەفافیەت، تاڵانی، و تۆقاندن و سیاسەتی برسیکردن، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دوچاری شەلەل و داڕمان بون، وێڕای ڕێزم بۆ هەر کەسێکی دڵسۆز، بەڵام سەرجەم بەرپرسانی شوێنە ئاماژە بۆکراوەکانیش، تەنها دەوری فەرمانبەر و تێپەڕاندنی ڕۆتینی ڕۆژانە دەبینن، نە زیاتر". 
 ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردوە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە
ئه‌و وتانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ شه‌وی رابردو نوسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر قوباد تاڵه‌بانی و ئیداره‌دانی سلێمانی و وتی، "هەمو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردوە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حزبەکەی لێی بەرپرسیارن".
کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بو لە سنوری سلێمانی هەبو و لیژنەی بەدواداچونیش پێکهێنرابو 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بو لە سنوری سلێمانی هەبو و لیژنەی بەدواداچونیش پێکهێنرابو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیاربو کۆبونەوەیەکی تایبەت لە سەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لیژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕویدا و ئەو پرۆسەیەی پەک خست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تالەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە".

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم