وتەبێژی حکومەتی هەرێم: له‌ سلێمانی گرفتی ئیدارەدانی داهات هەیە

10:16 - 25/04/2023

6654جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێكی دیكه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئیداره‌دانی پارێزگای سلێمانی و رایگه‌یاند، "هیچ گرفتێك له‌ داهات له‌ سنوری سلێمانیدا نییه‌"، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بونی گرفته‌ له‌ ئیداره‌دانی داهات و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌و داهاته‌یه‌ بۆ دابینكردنی موچه‌".

نابێت پرسی موچە بە سیاسی بکرێت و هەمو هەوڵەکانی حکومەتیش بۆ ئەوەبوە، کۆکردنەوەی داهات رێکبخاتەوە
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ كه‌ناڵی كوردستان24ی (سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان)ی راگه‌یاند، "حکومەت هەمیشە پلانی بۆ رێکخستنەوەی داهات هەبوە و پێشتریش سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژی بەوەکردوە، نابێت پرسی موچە بە سیاسی بکرێت و هەمو هەوڵەکانی حکومەتیش بۆ ئەوەبوە، کۆکردنەوەی داهات رێکبخاتەوە لەپێناو دابینکردن و دابەشکردنی موچە".
لە سلێمانی گرفتی کەمی داهات نییە بەڵکو گرفتی ئیدارەدانی داهات هەیە 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سلێمانی "گرفتی کەمی داهات نییە" بەڵکو "گرفتی ئیدارەدانی داهات هەیە و خەڵکی سلێمانی و ئەو دەڤەرەش باجی ئەو خراپ ئیدارەدانەی داهاتەکانی ناوچەکەیان دەدەن".
حكومه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی دارایی له‌ سلێمانی به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت
جوتیار عادل باسی له‌وه‌شكرد، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی دارایی له‌ سلێمانی به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت، به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هیچ هاوكارییه‌كی حكومه‌ت ناكرێت".
مانگانه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ كێشه‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ دروستده‌بێت
مانگانه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ كێشه‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ دروستده‌بێت، به‌رپرسانی پارێزگاكه‌ش ده‌ڵێن، كێشه‌ی سیوله‌ هه‌یه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م بۆ موچه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات، هه‌مو مانگێك ده‌بێت چاوه‌ڕوان بن تاوه‌كو دوای كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ پاره‌ی موچه‌ ته‌واوبكرێت.