خهندان-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆمەتبارێک لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە بەدەمانچە تەقەی لە سێ هاوڵاتی کرد و لەئەنجامدا کەسێک برینداربو.
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدوری بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە گەڕەکی شەهیدان و نزیک نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب تۆمەتبارێک لەسەر ماتۆڕسکیلێک، بەدەمانچە تەقەی لەسێ هاوڵاتی کرد، کە کێشەی لەگەڵ یەکێکیان هەبوە، بەڵام دو گوللـە بەر هاوڕێیەکی ئەو کەسە دەکەوێت کە لەگەڵیدا بوە".
بریندارەکە ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەئێستادا بریندارەکە ڕەوانەی بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کراوە و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە".
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال باسی لەوەشکردوە، "پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردوە و گەڕان بەدوای تۆمەتبار دەستیپێکردوە".