خهندان-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی لەبارەی سستی دابەشکردنی موچە لە سلێمانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی رێکەوتنەکەش، هۆکاری سەرەکی کێشەی پارە لە سلێمانی بۆ سێ خاڵ دەگەڕێتەوە، یەکێک لەخاڵەکانیش رێکەوتنی 43% بە 57% لەنێوان هەولێر و سلێمانی.
وەزارەتی دارایی و ئابوری لەڕونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی موچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ موچە نەناردوە".
هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردو پارەی پێویست بۆ موچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردو پارەی پێویست بۆ موچەخۆرانی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بوە کە دەکاتە زیاتر لە 80٪ تێکڕای موچەی موچەخۆرانی ئەو سنورە، کۆی گشتی پارەی پێویستیش بۆ موچە لە سنوری سلێمانی 362 ملیارو 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروستدەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێرو دهۆک".
ڕێکەوتن لەسەر پشکی (57٪) پشکی لە (43٪) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە
ئەوەشیخستۆتەڕو، "وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە ڕێکەوتن لەسەر پشکی (57٪) پشکی لە (43٪) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕێکەوتنی لەسەر کراوە".
کێشەی کورتهێنان و کەمبونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە
وەزارەتی دارایی و ئابوری رونیشیکردۆتەوە، "کێشەی کورتهێنان و کەمبونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییەو لە ساڵی 2021وە دەستیپێکردوە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار ، وەزیری داراییش هەمو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتەگەڕو بەهەوڵی جەنابیان مانگی پێشوتر بڕی 34 ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوەو لەمانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوش جارێکی تر بڕی 29 ملیار دینار لەدەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە".
کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە لە چەند خاڵێکدا کورتدەکرێتەوە:
یەکەم:
کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.
دوەم:
ڕێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە (43 ٪) بە (57 ٪).
سێیەم:
نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان) .