یەكێتی و پارتی: پێناچێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت

07:17 - 19/04/2023

4053جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەندامانی شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەردەبڕن و راشیدەگەیەنن، "هیچ رێكەوتنێكیش نەكراوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە و تا ئێستاش كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا نەكراوەتەوە و ئەو یاسایەشی كە هەڵبژاردنەكەی پێئەنجامدەدرێت، هەموار نەكراوەتەوە، بۆیە پێناچێت لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت".

عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، "ئەم گرژیەی ئێستا دروستدەبێت لەبەر بابەتی هیچ و بێ مانایە، ئەگەر نیازمان هەبێت هەمومان هەڵبژاردن بكرێت كەی كێشەیە، ئێمە بە دەستی یان بە ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەژمێرین، شتی زۆر ورد دەكرێتە بیانو، بۆیە تەسەوڕ ئەكەم وا بڕوات كۆبونەوەكان ناكرێن، واتە هەستدەكەیت نیازیان نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆك بكەن
لە بەرامبەردا، ڕزگار حاجی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، دواكەوتنەكە دەبەستێتەوە بەوەی كە كۆمسیۆن ئامادەكاری نەكردوە و ڕێكنەكەوتون لەگەڵ پارتی و دەشڵێت، "مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆك بكەن، ئەوە شتێكی ترە، ئەگەرنا كۆمیسیۆن ماوەی بەسەرچوە و دەبێت كارا بكرێتەوە و یاساكە هەموار بكریتەوە، هەمو لایەنەكان كۆبونەوەمان كردوە و نەگەشتوینەتە رێككەوتن، ئەگەر هێزەكان بەشداری هەڵبژاردن بكەن دەبێت یاساكە هەموار بكرێتەوە و پێكهاتەكانیش چۆن لە عێراق كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشكراوە لەكوردستانیش دابەش بكرێت".

بەپێی فەرمانێكی مەڕسومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان 18ی (تشرینی دوەم/11)ی 2023 دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام یەكێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە چۆنییەتی هەڵبژاردنەكان ناكۆكن.
پارتی ئامادەیە و بەشی زۆری مەرجەكانی یەكێتی قبوڵ كردوە
عەبدولسەلام بەرواری لەوبارەیەوە دەڵێت، "پارتی ئامادەیە و بەشی زۆری مەرجەكانی یەكێتی قبوڵ كردوە، وەك كێشە هیچ كێشەمان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ڕێككەوتنێكیش نییە، ئێمە وەك خەڵكی تر نین، لایەنەكانی تر چەند بازنەییان ویست وتمان باشە، هەرچەندە باوەڕمان پێی نەبو، یاخود وتیان با نیو كورسی كراوە بێت و نیو داخراو بێت وتمان باشە، وتیان با ژمارەی كورسیەكان لە سەر بنەمای ئەو دابەشكاریەی عێراق بێت، خۆت ئەزانی 11 بۆ دهۆك، 15 بۆ هەولێر و 18 بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەر بە ڕێژەی سەدی وەریگرین واتە 41% بۆ سلێمانی هەر وتمان باشە، ئێمە وتمان هەر ڕازین ئەگەر بە دڵی ئێمەش نەبێت، بەڵام لایەنەكانی تر هەر ڕازی نەبون".
نەتەوە یەكگرتوەكان ئاگادارە كێشەیەك هەیە لە یاسای هەڵبژاردنەكان لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان و كورسی پێكهاتەكان
هەر لەو بارەیەوە ڕزگار حاجی ڕایگەیاندوە، "نەتەوە یەكگرتوەكان ئاگادارە كێشەیەك هەیە لە یاسای هەڵبژاردنەكان لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان و كورسی پێكهاتەكان كە هێشتا نەگەشتوینەتە رێككەوتن، نەتەوە یەكگرتوەكان پیشنیاری كردوە كورسی پیكهاتەكان بەسەر پاریزگاكان دابەش بكرێت، دو كورسی مەسیحی و توركمان لەسنوری سلێمانی بێت، بەڵام لەسەر ئەو بابەتانە نە كۆبونەوە كراوە نە رێككەوتن كراوە، پێشنیاری ئێمە و پارتی بوە نەتەوە یەكگرتوەكان پێشنیار بینێتە پێشەوە مناقشەی لەسەر بكرێت".

نیشانەکردن

پارتی یەکێتی