خهندان-
تیدرۆس گیبریسوس بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، تا ئێستا 300 کەس کوژراون و زیاتر لە دو هەزار و 600 کەسیش برینداربون.
تیدرۆس گیبریسوس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لە سودان 300 کوژراو و زیاتر لە دو هەزار و 600 بریندار هەیە".
هێزەکانی سوپای سودان سەربازگەی مەڕوییان کۆنتڕۆڵکرد
هێزەکانی سوپای سودان سەربازگەی مەڕوییان کۆنتڕۆڵکرد کە دەکەوێتە فڕۆکەخانەی مەڕوی باکوری خەرتومی پایتەختی سودان هەروەها هێزەکانی سوپا بەتەواوی کۆنترۆڵی ئەو بنکەیان کردوە، کە پێشتر هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵیان کردبو.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا تاوەری کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە دەرکەوتوە کە پەنجەرەی شکاوە
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا تاوەری کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە دەرکەوتوە کە پەنجەرەی شکاوە، لە ئەنجامی شەڕەکەدا ژمارەیەک فڕۆکەی مەدەنی و سەربازی زیانیان بەرکەوتوە و یەکێک لە رادارەکانی فڕۆکەخانەکەش زیانێکی زۆری بەرکەوتوە
لەم دواییانەدا دۆخی سودان خراپتر بوە، ئەوەش دوای ناکۆکی سیاسی لە نێوان عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودان کە هاوکات سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سەروەری (دەستەی بەڕێوەبردنی وڵات) لەگەڵ محەمەد حەمدان دەگلو (حەمیدەتی) جێگری کە ئێستا فەرماندەی هێزەکانی "پشتیوانی خێرا" دەکات رویدا.