خهندان-
جاسم عەتوان ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەستکاریکردنی بنەماکانی موچە پەیوەستە بە هەڵسەنگاندن و حیساباتی حکومەتی فیدراڵی، لەهەمو دۆخێکیشدا، حومەت بە ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی ڕێژەی موچە کەمەکان و دادپەروەری لە لیستی موچە هەنگاو دەنێت.
هەموارکردنەوەی موچە لە دەسەڵاتی حکومەتدایە
جاسم عەتوان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەموارکردنەوەی موچە لە دەسەڵاتی حکومەتدایە، بەو پێیەی پەرلەمان کاریکردوە، بۆئەوەی دەسەڵات بدات بە حکومەت بەئامانجی بەرزکردنەوەی ڕێژەی موچە کەمەکان و دابینکردنی دادپەروەری بۆ ئەو توێژەی کە کەمترین موچەیان هەیە".
ڕەنگە لە بودجەدا موچەی بەشێکی کەم لە فەرمانبەران زیاد بکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕەنگە لە بودجەدا موچەی بەشێکی کەم لە فەرمانبەران زیاد بکرێت، ئەوەش پەیوەستە بە حکومەتەوە، کە پێشبینیدەکرێت بەرەو گۆڕینی قەبارەی موچە بڕوات بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو کەسانەی بەهۆی کەمی موچەوە زیانیان بەرکەوتوە".
حکومەت بەرەو ئەم ئاڕاستەیە دەڕوات بۆئەوەی دادپەروەرانە بێت لەگەڵ خاوەن ئەو موچانە
ئەوەشیخستەڕو، "بەرزبونەوەی ڕێژەی موچە کەمەکان، هەرچەندە ئەم بابەتە کەوتۆتە ژێر هەڵسەنگاندن و حساباتی حکومەتەوە، بەڵام چاوەڕوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەت بەرەو ئەم ئاڕاستەیە دەڕوات بۆئەوەی دادپەروەرانە بێت لەگەڵ خاوەن ئەو موچانە".