خهندان-
هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پرسی دامەزراندنی وانەبێژان پێکبهێندرێت و دوای ئامادەکردنی راپۆرتێکیش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو پرسەوە دەدات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری، ڕۆژی دوشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی وەزارەتی پەروەردەی کردو لەلایەن دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەو دکتۆر سەیوان فەرەج بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لەبەڕێوبەرە گشتیەکانی وەزارەتەوە پێشوازی لێکرا.
تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە کێشەو گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بو لە هەرێمی کوردستان
تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکە کێشەو گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بو لە هەرێمی کوردستان و پرسی دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست کە ژمارەیان 35 هەزار و 543 مامۆستای وانەبێژە و موچەی مانگانەیان زیاتر لە 13 ملیارو 700 ملیۆن دینارە.
بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە پێکبهێنرێت
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای تاوتوێکردنی کێشەو گرفتەکانیان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە پێکبهێنرێت، بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست و دواتر بەرز بکرێتەوە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و بەپێی گۆڕانکاری لە دۆخی دارایی حکومەت بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.
هەر لەسەرەتاوە هاوسۆزو پشتیوانی داواکاریەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و کەرتی پەروەردە بوم
لای خۆشیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند، "هەر لەسەرەتاوە هاوسۆزو پشتیوانی داواکاریەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و کەرتی پەروەردە بوم و هەرچی لەتواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناکەین".
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە چەند کێشەو داواکاریەکیان خستە بەردەم وەزیری دارایی کە خۆی لە داواکاری مامۆستایانی ڕاهێنەرو پێداویستیەکانی یەکەی سەرپەرشتیاری قوتابخانەکان و پێداویستیەکانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەبینیەوە، وەزیری دارایی بەڵێنیدا ئەو داواکاریانەی لە دەسەلاتی ئەواندایە بەزوترین کات جێبەجێ بکرێت.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕو، لای خۆشیانەوە وەزیری پەروەردەو بریکارو بەرپرسانی وەزارەت سوپاسی وەزیری داراییان کرد لەهەردەم پاڵپشت و هاوکارێکی دڵسۆزی کەرتی پەروەردەو وەزارەت بوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.