خهندان-
ئەردەلان دۆسکی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، زۆرترین پرۆژەی کارەبا لە کابینەی نۆیەم جێبەجێکراوە، هەروەها هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی پریپەید بۆ دابینکردنی کارەبایەکی 24 کاتژمێری گیراوەتەبەر.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، ئەردەلان دۆسکی رایگەیاندوە، "زۆرترین پرۆژەکانی کارەبا لە بواری وەبەرهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن لە ماوەی کابینەی نۆیەم جێبەجێکراون".
بۆ یەکەمینجار بە سود وەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچوی کێڵگەی نەوتی گەرمیان کارەبا بەرهەمهێنرا
دەشڵێت، "بۆ یەکەمینجار بە سود وەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچوی کێڵگەی نەوتی گەرمیان کارەبا بەرهەمهێنرا، هەروەها وێستگەی ژینگەپارێزی گازیی خەباتیش کەوتۆتەوە کار، جگە لەوانەش چەندین پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خاوێن جێبەجێکراون".
لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە زۆرترین هاوبەشی کارەبا کرانەوە
ئەردەلان دۆسکی ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە زۆرترین هاوبەشی کارەبا کرانەوە و سەرپێچییەکانیش کەم کرانەوە".
باسی لەوەشکردوە، "هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی پریپەید بۆ دابینکردنی کارەبایەکی 24 کاتژمێری گیراوەتەبەر، هەروەها دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان".