خهندان-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەروداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێکبهێنێت و لەکۆبونەوەکەشدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو لەبارەی گرنگیی پاراستنی هاوڵاتییان و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خۆبەدورگرتنی هەرێمی کوردستان لە ڕاکێشانی کێشە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ ناو هەرێم.
حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات
لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕوداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، "حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات".
حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن
مەسرور بارزانی ڕونیشیکردەوە، "حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن و ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت".
ئێمە بە هەمو شێوەیەک لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین
سەرۆک وەزیران جەختی لەوەشکردەوە، "ئێمە بە هەمو شێوەیەک لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین و نابێت باجی ئەو ڕوداوانە بدەن".
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و دەرخستنی ڕاستییەکان پێکبهێنێت
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و دەرخستنی ڕاستییەکان، بۆ ئەو ڕوداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕویدا.
بڕگەی دوەمی کۆبونەوە بریتی بو لە خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان
بڕگەی دوەمی کۆبونەوە بریتی بو لە خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی گشتی کە لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕو.
پێویستە کاری زیاتر بکرێت لە سەر باشترکردنی کەرتی تەندروستی و نەهێشتنی هەمو ئەو گرفت و کەموکورتییانەی لەم بوارەدا هەن
سەرۆک وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیر و وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو چاکسازیانەی لە بواری تەندروستیدا ئەنجامدراون ، جەختی لەوەکردەوە، "پێویستە کاری زیاتر بکرێت لە سەر باشترکردنی کەرتی تەندروستی و نەهێشتنی هەمو ئەو گرفت و کەموکورتییانەی لەم بوارەدا هەن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان".
بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکو پارێزگاکانی تری هەرێم) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکو پارێزگاکانی تری هەرێم) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن.
لە کۆتاییدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنوسی (سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕو.کە بریتییە لە کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکار بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و سوکایەتی پێکردن و پشتگوێخستن لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
دوای خستنەڕوی چەند تێبینی و سەرنجێک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ڕەشنوسەکە ، ئەنجومەنی وەزیران سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد.