ئیتاڵیا باری نائاسایی بۆ ماوەی شەش مانگ راگه‌یاند

09:06 - 12/04/2023

30617جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئیتاڵیا باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی شەش مانگ بۆ روبەڕوبونەوەی پرسی کۆچبەری نایاسایی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی بەرزبونەوەی بەرچاو لە ڕۆیشتنی کۆچبەران له‌ دەریای ناوەڕاست بۆ وڵاته‌كه‌ تۆماركرا، سەرچاوەیەک له‌ حکومه‌تی وڵاته‌كه‌ ده‌ڵێت، ئەو رێوشوێنە دەبێتەهۆی حکومەتی راستڕەویی سەرۆک وەزیران جۆرجیا مێلۆنی رێکارەکانی گەڕانەوەی ئەو کەسانە خێراتر بکات کە رێگەیان پێنادرێت لە ئیتاڵیا بمێننەوە.

به‌گوێره‌ی فرانس 24، ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا باری نائاسایی بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کۆچبەری راگەیاند، ئەوەش دوای "زیادبونی بەرچاو" لە رۆیشتنی کۆچبەران له‌ دەریای ناوەڕاسته‌وه‌، ئەوەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی باشترکردنی بەڕێوەبردنی کۆچبەران بو لە پڕۆسەی وەرگرتنی کۆچبەران و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.

باری نائاسایی بە بودجەی سەرەتایی پێنج ملیۆن یۆرۆ پاڵپشتی دەکرێت
نیلۆ موزومیچی، وەزیری دەریایی و پاراستنی شارستانی رایگەیاند، باری نائاسایی بە بودجەی سەرەتایی پێنج ملیۆن یۆرۆ (5.45 ملیۆن دۆلار) پاڵپشتی دەکرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت، "ئێمە کێشەکە چارەسەر ناکەین، چارەسەر تەنها لە دەستێوەردانی بەرپرسیارانەدایە له‌لایه‌ن یەکێتی ئەوروپاوه‌".
رێگە بە جۆرجیا مێلۆنی دەدات ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە خێراتر بکات کە رێگەیان پێنادرێت بمێننەوە
بەڵام سەرچاوەیەکی حکومی ئاشکرایکرد، ئەو رێوشوێنە رێگە بە حکومەتی ڕاستڕەوی سەرۆک وەزیرانی جۆرجیا مێلۆنی دەدات ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە خێراتر بکات کە ڕێگەیان پێنادرێت لە ئیتاڵیا بمێننەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبونی ناسنامە و فەرمانی دیپۆرتکردنەوە.
 لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئێستا نزیکەی 31 هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتونەتە ئیتاڵیا
10ی ئه‌م مانگه‌، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی دو بەلەمیان کرد کە 1200 کەسیان هەڵگرتبو، هاوکات داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئێستا نزیکەی 31 هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتونەتە ئیتاڵیا، لە کاتێکدا نزیکەی حەوت هەزار و 900 کۆچبەر لەو ماوەیەدا زیادیکردوە به‌راورد به‌ ساڵی رابردو.

نیشانەکردن

ئیتاڵیا