خەندان زانیاری لەبارەی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بڵاودەکاتەوە

11:33 - 11/04/2023

3485جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئاگاداری وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نیە، سێ پێشنیازیش لەبارەی چارەنوسی نەوتەکەی هەرێم  خراونەتەڕو، وەزیری نەوتیش عێراقیش رایدەگەیەنێت، "سۆمۆ نەوت هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهان دەکات چونکە لە دەرەوەی سۆمۆ فرۆشتنی نەوت نایاسایی و نادەستورییە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم کە پێی باش نەبو ناوی بهێندرێت بە خەندان-ی راگەیاند، "تا ئێستا وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دیاری نەکراوە".

زۆرینەی کۆمپانیاکان کاری بەرهەمهێنانیان راگرتوە و شوێنی کۆگاکردنی نەوتییان نەماوە
سەرچاوەیەکە وتیشی، "هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەنجامی رێکارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نیشتمانی نەوت (سۆمۆ)یە لەبارەی شێوازی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زۆربەی کۆمپانیاکانیش کە لە هەرێم کاریان دەکرد، کاری بەرهەمهێنانیان راگرتوە بەهۆی ئەوەی شوێنی کۆگاکردنی نەوتییان نەماوە".
سێ پێشنیاز بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە
رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە سێ پێشنیاز بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە، یەکێکیان هەناردەی نەوتە لە رێگەی ھێڵی (کەرکوک-بانیاس) کە لە رێگەی سوریاوە نەوت دەگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست، هەروەها پێشنیازی دوەمیش، گواستنەوەی نەوتە بۆ کۆگاکانی باشوری عێراق و دواتر ھەناردەکردنی لەڕێگەی ئوم قەسرەوە، پێشنیازی سێیەمیش، بریتییە لە تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبە و ھەناردەکردنی نەوت لەرێگەی ئوردنەوە.
لە دەرەوەی سۆمۆ فرۆشتنی نەوت نایاسایی و نادەستورییە
لای خۆشیەوە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقیە جەختی لەسەر چاودێری و ئیدارەدانی هەناردەکردن نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە و وتی، "لە دەرەوەی سۆمۆ فرۆشتنی نەوت نایاسایی و نادەستورییە".
تێکڕای داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە چوارچێوەی بودجەی گشتی دەوڵەتەوە
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی شێوازی فرۆشتنی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "نەوتی هەرێم لە مەودوا لە بەندەری جەیهانیش بەهەمان نرخی فەرمی نەوتی کەرکوک دەفرۆشرێت، چونکە تێکڕای داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە چوارچێوەی بودجەی گشتییەوە و نەوتی هەرێم هاوشێوەی نەوتی بەسرەو میسان و کەرکوک دەبێت.
تورکیا داوای کردوە سکاڵای دوەمی عێراق  یەکلا ببێتەوە
رۆژی 24ی مانگی رابردو، عێراق بەفەرمی لەلایەن تورکیاوە ئاگادارکرایەوە کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی خاوی هه‌ریمی کوردستان لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاری دەرکرد، رۆژی 25 ئازاریش به‌ فه‌رمی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان راگیرا، هەرچەندە بڕیار بو دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هەناردەکردنەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەپێی وتەی سەرچاوەیەک کە زانیاری بە ئاژانسی رۆیتەرز داوە، تورکیا داوای کردوە سکاڵای دوەمی عێراق  یەکلا ببێتەوە دواتر هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.