بەرپرسێکی گۆڕان له‌ رێگه‌ی خه‌ندانه‌وه‌ داوای هه‌ڵوێست له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی ده‌كات

03:32 - 10/04/2023

4269جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، دژی بەردەوامی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە کاتی پێکهێنانی حکومەت بە خەڵکیان داوه‌، "دەبێت لە حکومەت و پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت".

کاردۆ محەمەد، رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، "لە دۆخێکداین کە مەترسی لەسەر هەموان هەیە، ململانێ و ناکۆکییەکان گەیشتونەتە ئاستێک کە هەمو دامەزراوەکانیان پەکخستوە، بۆیە ئەرکی پەرلەمانی کوردستان رۆڵی هەبێت".

رێکخەری ژوری پەرلەمانی گۆڕان  بە پێویستیزانی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت 
رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لە کێشەکانی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و بە پێویستیزانی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت ئەوەش بە دەرخستنی راستییەکان و بەرگریکردن لە کاری دامەزراوەیی.
پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە پێش هەمویانەوە گۆڕان هەڵوێستی دژی ئەو دۆخە هەبێت
کاردۆ محەمەد وتیشی، "پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە پێش هەمویانەوە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی دژی ئەو دۆخە هەبێت کە هاتوەتە ئاراوە و زیاتر ویستی دوژمن جێبەجێ دەکرێت لە بری یەکگرتویی".
گۆڕان دەتوانێت هەمو هەڵوێستێک بنوێنێت
بەرپرسەکەی گۆڕان لەبارەی هەڵوێستی بزوتنەوەکەیەوە باسی له‌وه‌شكرد، "گۆڕان دەتوانێت هەمو هەڵوێستێک بنوێنێت، بۆ نمونە رێککەوتنی سیاسیمان هەیە بەرپرسیارێتی ئەو رێککەوتنە هەڵناگرین ئەگەر کارێک نەکرێت لە بەرژوەندی نیشتیمانەکەماندا بێت و لە خزمەتی هاوڵاتیانمادا بێت".
بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکمان داون دەبێت لە حکومەت و پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت
لەبارەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتیشەوە، کاردۆ محەمەد ده‌ڵێت، "بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە کاتی پێکهێنانی حکومەت بە خەڵکمان داون دەبێت لە حکومەت و پەرلەمان هەڵوێستمان هەبێت، چونکە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە هەڵوێستمان هەبێت".
گۆڕان  سه‌ره‌تا ماوه‌ی شه‌ش مانگ بۆ ساڵێكی دیاریكرد بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌ت به‌ خه‌ڵك
بزوتنەوەی گۆڕان به‌پێی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2018 به‌شداری كابینه‌ی نۆیه‌می كردوه‌، سه‌ره‌تا ماوه‌ی شه‌ش مانگ بۆ ساڵێكی دیاریكرد بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌ت به‌ خه‌ڵك، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ تائێستا له‌ كابینه‌كه‌دایه‌ و هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ناڕه‌زایی دروستبو و فراكسیۆنه‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌تبو.

بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چوار وەزیر (دارایی و ئابوری، بازرگانی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن) بەشداری کابینەی نۆیەمی کردوە و بڕیاربو  12%ـی پشکی هەڵبژاردن وەربگرێت، بەڵام بەرپرسانی بزوتنەوەکە دەڵێن، بەگوێرەی رێککەوتنەکان ژمارەیەک پۆستیان وەرنەگرتوە لەوانەش یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی.